May 31, 2022 13:23 Asia/Tehran
  • خۆسازدانی پەرلەمانی عێراق بۆ دەرپەڕاندنی لەشکریانی تورکیا

پەرلەمانی عێراق جم و جوڵێکی پەرلەمانیی بەبڕشتانەی بۆ دەرپەڕاندنی لەشکریانی تورکیا لە باکوری ئەم وڵاتە دەست پێ کردووە.

نوێنەرانی پەرلەمانی عێراق بەنیازی ھەوڵدانن بۆ دەرپەڕاندنی لەشکریانی تورکیا لە باکووری عێراق کە بە بیانووی خەباتی دژی پەکەکە لە مێژە لەم ناوچەیەدا خەریکی بەزاندنی سنووری ئاسمانی و زەوینیی عێراقن.

«مەھدی تەقی» نوێنەری ھاوپەیمانیی «فەتح» لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، جم و جوڵێک لە لایەن نوێنەرانی تاقمە جۆربەجۆرە سیاسییەکانەوە لە ئاردایە کە ئامانجەکەی دەرپەڕاندنی ھێزەکانی تورکیا لە خاکی عێراق بە تایبەتی لە باکووری ئەم وڵاتەیە. کۆبوونەوەکانی دەوڵەت و پەرلەمان بۆ تاوتوێ کردنی ڕێگاکانی دەرپەڕاندنی ئەم ھێزانە کە لە ئێستادا بە داگیرکەر دێنە ئەژمار، بەڕێوە دەچێت.

ئەم نوێنەرەی عێراق وتیشی: بێ دەنگە لێکردن لە ھەمبەر بوونی تورکیا لەنێو سەرزەوینی عێراق، ئەو ھێزانە بەرەو زیادکردنی ژمارەو پەرە پێ دانی داگیرکارییەکانیان بۆ قوڵایی خاکی عێراق پاڵ پێوە دەنێ و دیارە ئەمەش پێشێلکردنی دەستەڵاتی عێراقەو ھەڕەشە لە ئاسایشتی نیشتیمانیی ئەم وڵاتە دەکات.

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە «ئەحمەد ئەلموسەوی» ئەندامی لێژنەی ئاسایشت و بەرەڤانیی پەرلەمانی عێراقیش لە بەیاننامەیەک دا  ڕایگەیاندووە: ئامادە بوونی تورکیا لە خاکی عێراق جێگای قەبووڵ نییە و بۆ دۆزینەوەی فۆرمولێکی ھاوبەش لەمەڕ بەرنگار بوونەوەی داگیرکارییەکانی تورکیا، دانیشتنێکی خێرا لەگەڵ سەرۆک وەزیران ، وەزیری بەرەڤانی و بەرپرسانی ئاسایشتی بەڕێوە دەچێت.

«سامەر زەبیان» ئەندامی قراکسیۆنی «سادیقون» لە پەرلەمانی عێراقیش جەختی لەوە کردووەتەوە کە، پاوانخوازیی تورکیا لە عێراق شتێکی مێژینەیەو ئانکارا ھەوڵی ئەوە دەدات کە ھەل و مەرجی ئێستای عێراق بە قازانجی خۆی و پاوانخوازییە لەمێژینەکەی لە مەڕ داگیرکردنی بەشێکی زۆری سەرزەوینی ئەم وڵاتە بقۆزێتەوە.

سەرپەیڤ