حوزه‌یران 14, 2022 17:53 Asia/Tehran
  • سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق: وڵات لەمە زیاتر به‌رگه‌ی ئاڵۆز بوونی دۆخه‌که‌ ناگرێت

«مسته‌فا کازمی» سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق، له‌کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران دا رایگه‌یاند: ده‌بێت بیر له‌ ئێستا و داهاتومان بکه‌ینه‌وه‌، وڵات لەمە زیاتر به‌رگه‌ی ئاڵۆز بوونی دۆخه‌که‌ ناگرێت.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بەگێڕانەوە لە میدیاکانی عێراق، به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێکی نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ «مسته‌فا کازمی» له‌میانه‌ی دانیشتنی کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران رایگه‌یاند: وڵات لەمە زیاتر به‌رگه‌ی ئاڵۆزبوونی دۆخه‌که‌ ناگرێت، حکومه‌تیش به‌ هه‌موو هه‌وڵه‌کانی کارده‌کات و پێویستی به‌ بودجه‌ و سه‌قامگیری هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی به‌رده‌وام بێت له‌ جێبه‌جێکردنی پڕۆژه‌کانی بۆ خزمه‌تکردنی هاوڵاتیان و ده‌سته‌به‌رکردنی سه‌قامگیرکردنی بارودۆخی ژیانی هاوڵاتیان.

وتیشی: ده‌بێت بیر له‌ ئێستا و داهاتومان بکه‌ینه‌وه‌، فێربین له‌وه‌ی له‌ ساڵانی ڕابردوودا ڕویان داوه‌، به‌ هه‌موو وزه‌کانمانه‌وه‌ کار بکه‌ین له‌ پێناو داهاتوی نه‌وه‌کانماندا، که‌وتنی شاری موسڵیش به‌ ده‌ستی چه‌کدارانی داعش لێمان ده‌خوازێت بیربکه‌ینه‌وه‌ له‌و هۆکارانه‌ی که‌ بوونه‌ته‌ هۆی ئه‌م کاره‌، بۆئه‌وه‌ی دوور بکه‌وینه‌وه‌ له‌وه‌ی که‌ هه‌شت ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ڕوی دا.

سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستی مه‌رجه‌عی باڵای شێعەکانی عێراقیش وتی: ده‌ستخۆشی و سوپاسی خودای گه‌وره‌ ده‌که‌ین بۆ نیعمه‌تی بوونی مه‌رجه‌عی باڵای ئاینی و تەگبیرو هه‌ڵوێستی بوێرانه‌ی.

هه‌ر له‌کۆبونه‌وه‌که‌دا مسته‌فا کازمی ڕاشیگه‌یاند: ناچمه‌ ناو بابه‌ته‌ سیاسیه‌کانه‌وه‌، ده‌بێت هێزه‌ سیاسییه‌کان به‌رپرسیارێتی خۆیان به‌رامبه‌ر به‌ گه‌ل و نیشتمان له‌ ئه‌ستۆ بگرن، به‌و پێیه‌ی حکومه‌ت ڕوبه‌ڕوی سه‌ختترین بارودۆخ بووه‌ته‌وه‌ و توانیویه‌تی له‌ڕێگه‌ی ڕێوشوێنی سه‌خت و گرینگه‌وه‌ زاڵ بێت به‌سه‌ریاندا و سه‌رکه‌وتنیشی سه‌لماندوه‌. 

سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق هۆشداریدا، "که‌سانێک هه‌ن له‌ڕێگه‌ی سۆشیال میدیاوه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن توندوتیژی و ئاژاوه‌گێڕی دروست بکه‌ن، ئه‌مه‌ش جێگه‌ی قبوڵکردن نییه‌، هه‌ر که‌سێک کارێکی له‌و شێوه‌یه‌ بکات، لێپرسینه‌وه‌ی یاسایی به‌رامبه‌ر ده‌گیرێته‌به‌ر.

سەرپەیڤ