ھەڵاتنی ستافی نه‌خۆشخانه‌یه‌کی به‌غدا لە بەر کوشتنی نەخۆشێک
سه‌رچاوه پزیشکیەکان لە بەغداوە باسی ئەوە دەکەن کە، ڕۆژی دوشه‌ممه، به‌هۆی مردنی نه‌خۆشێک له‌کاتی زیاده‌ڕۆیی کردن له‌پێدانی ده‌رمانی بێهۆشکه‌ر، سه‌رجه‌م پزیشک و کارمه‌ندانی نه‌خۆشخانه‌یه‌کی به‌غدا هه‌ڵاتن.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە سەرچاوە پزیشکییەکانی بەغدا، پزیشک و کارمه‌ندانی نه‌خۆشخانه‌ی «موختار» له به‌غدای پایته‌ختی عێراق، به‌هۆی ئه‌نجامدانی هه‌ڵه‌یه‌ک و مردنی نه‌خۆشێکه‌وه نه‌خۆشخانه‌که‌یان بەجێ هێشتووه و هه‌ڵاتون.
بە قسەی ئەو سەرچاوانە، به‌پێی به‌دواداچونه سه‌ره‌تاییه‌کان، کارمه‌ندانی نه‌خۆشخانه‌که زیاده‌ڕۆییان له به‌کارهێنانی ده‌رمانی بێهۆشکه‌ر بۆ «حه‌ورا سامر»ی نه‌خۆش کردوه که بڕیاربووه نه‌شته‌رگه‌ری بۆ ئه‌نجام بدرێت.
ئاماژه به‌وه‌ش کراوە کە، پزیشک و کارمه‌ندانی نه‌خۆشخانه‌ی «موختار» هه‌واڵی مردنی نه‌خۆشه‌که‌یان له که‌سوکاره‌که‌ی شاردووه‌ته‌وه، هه‌رچه‌نده کاتژمێری 11:00ی به‌یانیی کۆتایی به‌ژیانی هاتبوو، به‌ڵام که‌سوکاره‌که‌ی کاتژمێر 3:00 له مردنی ئاگادارکرانەوە.
ئه‌و سه‌رچاوانه باسی ئەوهشیان کردووە کە، لە ڕۆژی ڕووداوەکەدا هێزێکی زۆری ئه‌منی گه‌یشتنه ده‌وروبه‌ری نه‌خۆشخانه بۆ رێگه‌گرتن له هه‌ر کاردانه‌وه‌یه‌کی که‌سوکاری ئه‌و نه‌خۆشه مردووه، به‌ڵام ئێستاشی لەگەڵدا بێ کارمه‌ند و پزیشکانی ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه هیچ رونکردنه‌وه‌یه‌کیان له‌وباره‌یه‌وه نه‌داوه.