ئەم سێشەممەیە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر هێرشەکەی زاخۆ کۆدەبێتەوە
وەزیری دەرەوەی عێراق لەنێو پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، رۆژی سێ شەممە لەسەر داوای عێراق ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر بۆردومانەکەی گوندی پەرەخ-ی زاخۆ کۆدەبێتەوە.
ئەمرۆ شەممە، پەرلەمانی عێراق کۆبۆوە کە وەزیرانی دەرەوە و بەرگری عێراق تێیدا بەشدارییان کردبوو، لە کۆبوونەوەکەدا فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لەنێو پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، رۆژی سێ شەممە لەسەر داوای عێراق ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر بۆردومانەکەی گوندی پەرەخ-ی زاخۆ کۆدەبێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لەنێو پەرلەمان ئاماژەی بەوەکرد، بۆردومانەکەی گوندی پەرەخ لەلایەن سوپای تورکیاوە بووە بە پێنج گولە تۆپی "155ملم" و پارچە و پاشماوەی گولەکانمان هێناوەتەوە بۆ بەغدا و دەرکەوتووە هی سوپای تورکیا بووە کە لە دووری 7کیلۆمەتر هاوێژراوە.
هەروەها، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە تورکیا و پەکەکە لە خاکی عێراق بچنە دەرەوەو هێزی فیدڕاڵی لە سنورەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا جێگیربکرێن.