ته‌مووز 30, 2022 04:18 Asia/Tehran
  • عەممار حەکیم: بۆ تێپەڕاندنی ئەم شڵەژاوییەی ئێستا وا ھەڵدەگرێ دوای دیاری کردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران دەستبەجێ ڕێکاری دیاری کردنی سەرۆک کۆماریش ڕوون بێتەوە

«عەممار حەکیم» ڕابەری ڕەوتی حیکمەتی نیشتیمانیی عێراق ڕایگەیاند: بۆ تێپەڕاندنی ئەم شڵەژاوییەو چەقبەستووییە سیاسییەی ئێستا وا ھەڵدەگرێ دوای دیاری کردنی کاندیدی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران دەستبەجێ ڕێکاری دیاری کردنی سەرۆک کۆماریش ڕوون بێتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی عێراق، «عەممار حەکیم» ڕابەری ڕەوتی حیکمەتی نیشتیمانیی عێراق ڕۆژی ڕابردوو لەمیانەی بەشداری کردنی لە گردبوونەوەی لایەنگرانی ڕەوتەکەی کە لە سەروبەندی مانگی موحەڕڕەمولحەرام دا سازکرابوو ،ڕایگەیاند: مەترسیی توندوتیژی و ئاژاوەگێڕی هەیە، لەنێو پێکهاتەکاندا، بەڵام ئێمە لە ڕێبازی ئیمامی حسەین(ع) وانەی چاکسازی، گۆڕان و بەرەنگاربوونەوەی لادان فێربووین.

ناوبراو داواشی لە هەموو لایەنەکان کرد کە، ناکۆکییەکان تێپەڕێنن و دەست بکەن بە گفتوگۆی جددی لەپێناو نیشتیمان و بەرزکردنەوەی پێگەو جێ و شوێنی عێراق.

ڕابەری ڕەوتی حیکمەتی نیشتیمانیی عێراق جەختی لەوەش کردوەوە کە، ڕێگە بە دروستبوونی شەڕی نێوخۆیی و بەکارهێنانی ناکۆکی سیاسی نادەین بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی تاکەکەسی، چونکوو ئەوە هێڵی سوورە.

«عەممار حەکیم» داواشی لە سەرکردە سیاسییەکان کرد لێدوانی نەرێنی دژبەیەک ڕابگرن و لە ڕێگەی کەناڵە ڕەسمییەکانەوە دەست بە گفتوگۆ بکەنەوە.

ڕابەری ڕەوتی حیکمەتی نیشتیمانی پێشی داگرت، بۆ تێپەڕاندنی چەقبەستوویی سیاسی و ئەم شڵەژاوییەی ئێستای وڵات دوای دیاری کردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران، پێویستە ڕێکاری ڕوونیش بگیردرێتە بەر بۆ دیاری کردنی سەرۆک کۆمار.

سەرپەیڤ