چوار چێوەی هەماهەنگیی شێعەکانی عێراق، هادی عامری بۆ دانوستان لەگەڵ سەدر ڕادەسپێرێت
چوار چێوەی هەماهەنگیی شێعەکانی عێراق بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە سیاسییەی عێراق تێیکەوتووە هادی عامری بۆ دانوستان لەگەڵ سەدر ڕادەسپێرێت.
بە پێی ڕاپۆرتی میدیاکانی عێراق ، لە پەیامێکدا «هادی عامری» سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح کە یەکێکە لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایگەیاندووە، قەیرانەکەی ئێستا تەنیا بە هێورکردنەوەی گرژییەکان و دان بەخۆداگرتن و گفتوگۆی بنیادنەرانەی جیددی چارەسەردەکرێت.
وەک باسی دەکرێت ئەو پەیامەی «ھادی عامری» هاوکاتە لەگەڵ ڕاسپێردرانی لە لایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ سەدر و لایەنەکانی دیکەدا بە مەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانەکە.
ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە دێن کە ڕۆژی چوارشەممە «مستەفا کازمی» سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ عامری-دا کۆبووەوە و لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دوای کۆبوونەوەکە بڵاوی کردەوە، جەختی کردەوە لە پێویستیی پەنابردنەبەر گفتوگۆ و دانوستان بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیران و بارگرژییە سیاسییەی عێراق پێایاندا گوزەردەکات.
لە پەیامەکەی هادی عامری دا وێڕای ئاماژە کردن بە دەستپێشخەرییەکەی «مستەفا کازمی» ، ھاتووە: پشتیوانیی ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆک وەزیران دەکەین کە داوای گفتوگۆی نیشتمانییانەی گشتگیر دەکات.