ئاب 06, 2022 17:21 Asia/Tehran
  • عیراق: سەرجەم بەڵگەکان سەلمێنەری ئەو راستییەن کە تورکیا لە هێرشەکەی زاخۆ تێوەگلاوە

‌ وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، سەرجەم بەڵگەکان سەلمێنەری ئەو راستییەن کە تورکیا لە هێرشەکەی سەر زاخۆدا تێوەگلاوە.

ئەمرۆ شەممە 6ـی ئابی 2022، ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، "عێراق تائێستا هانی سەرجەم هاوبەش و دۆستەکانی دەدات بۆ دووپاتکردنەوەی ئەو ڕاگەیەندراوەکەی لە ئەنجامی کاری لیژنەی لێکۆڵینەوە بە سەرۆکایەتی فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوە و ئەندامێتیی فەرماندە ئەمنییەکان سەبارەت بە بۆردومانەکە بڵاوکرایەوە."

ئەو وتەبێژە لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمی عێراق جەختی کردووەتەوە لەوەی، "ڕاپۆرتی لیژنەکە گەیشتە ئەو ئەنجامەی تورکیا تێوەگلاوە لە هێرشەکەی ئەمدواییە کە خۆی لە بۆردومانکردنی هاوینەهەوارێک لە دهۆک دەبینێتەوە، سەرجەم بەڵگە و شاهیدە لۆژیکییەکان ئەوە دەسەلمێنن کە عێراق دەیبینێ، وڵاتانی هاوبەش و دۆستەکانیش هەڵوێستی خۆیان نیشاندا بە ئیدانەکردنی بۆردومانەکەی تورکیا."

رۆژی 20ـی 7ـی 2022، به‌هۆی تۆپبارانکردنی ناوچه‌یه‌کی گه‌شتیاری له‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ، 9 که‌س شه‌هیدبوون و 29 که‌سی دیکه‌ش برینداربوون، جیا له‌وه‌ش چه‌ندین به‌یاننامه‌ی ناڕه‌زایی له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌رکران.

لای خۆشیەوە، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆبوونەوەیدا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، داوای کرد تورکیا خاکی عێراق بەجێبهێڵێت، هۆشداریشیدا لە "بەردەوامی مامەڵە دوژمنکارییەکانی ئەو وڵاتە و وتی، "مامەڵەکانی تورکیا دوژمنکارییە بەرامبەر خاک و سەروەری و هاوڵاتیانی عێراقی".

سەرپەیڤ