مالیکی: ھەتا پەرلەمان دەست بە کۆبونەوە ئاساییەکانی نەکاتەوەو هەڵدەوەشێتەوە و نە هەڵبژاردنی پێشوەختەش دەکرێت
«نوری مالیکی» سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند: نە پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە و نە هەڵبژاردنی پێشوەختەش ئەنجام دەدرێت،ھەتا پەرلەمان دەست بە کۆبونەوە ئاساییەکانی نەکاتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی عێراق، «نوری مالیکی» سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە لێدوانێکدا رایگەیاند: عێراق وڵاتێکی فرە پێکهاتەیەو خەڵکەکەی لە پێکهاتەو مەزهەب و نەتەوەی جیاواز پێکهاتووە، هەربۆیە ناتوانرێت هیچ ئیرادەیەک بەسەریدا بسەپێندرێت، تەنها بە ئیرادەی خەڵک نەبێت، کە لە ڕێگەی دامەزراوە دەستورییەکانیەوە و لەلایەن پەرلەمانی هەڵبژێردراوەوە نوێنەرایەتی دەکرێن.
وتیشی: پەرلەمان هەڵناوەشێتەوەو هەڵبژاردنی پێشوەختەش ئەنجام نادرێت، تا ئەوکاتەی پەرلەمان دەست بە دانیشتنە ئاساییەکانی خۆی نەکاتەوە.
وتەکانی مالیکی لەدوای پێشنیارەکەی موقتەدا سەدری ڕابەری ڕەوتی سەدر دێت کە داوای ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دووبارە کردنەوەی ھەڵبژاردنی کردووە. جێگای ئاماژەیە سەرباری تێپەڕینی نزیکەی ١٠ مانگ لە هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی عێراق ، کەچی ھێشتا بەهۆی ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکانەوە نەتوانراوە حکومەت پێکبهێندرێت.