ئاب 14, 2022 13:03 Asia/Tehran
  • گەشتی ھادی عامری بۆ ھەرێمی کوردستان و  دەستپێشخەرییەک بۆ دەربازبوونی عێراق لە چەقبەستوویی

سەرچاوە عێراقییەکان باسی گەشتی زووبەزووی سەرۆکی ھاوپەیمانیی «فەتح» بۆ ھەرێمی کوردستان و ئاراستەکردنی دەستپێشخەرییەک بۆ دەربازبوونی عێراق لە چەقبەستوویی سیاسییان کردووە.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی «ئەلعەھد»ی عێراق،سەرچاوە خۆجێییەکان ڕایانگەیاندووە:«ھادی عامری» سەرۆکی ھاوپەیمانیی «فەتح»ی عێراق وێڕای سەردانی ھەرێمی کوردستانی ئەم وڵاتەو ئاراستە کردنی دەستپێشخەرییە بۆ دەربازبوون لە چەقبەستوویی ئێستای وڵاتەکەی، داوا لە تەواوی کۆتلە سیاسییەکانی عێراق دەکات ھەتا بچنە بەردەم مێزی دانوستان.

ئەم سەرچاوانە جەختیان لەوەش کردووەتەوە کە، دەستپێشخەرییەکەی ھادی عامری جەخت لە پێکھاتنی دەوڵەتی داھاتوو لە عێراق و ڕاوێژ لە بارەی بەرپاکرانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە لەم وڵاتەدا دەکاتەوە.

پێشتریش ھەر «ھادی عامری» سەرۆکی ھاوپەیمانیی «فەتح»ی عێراق لەگەڵ «موحەممەد حەلبوسی» سەرۆکی پەرلەمانی ئەم وڵاتە سەبارەت بە دۆخی سیاسیی عێراق پێکەوە وتووێژیان کردووە.

سەرباری تێپەڕینی نزیکەی دە مانگ لە بەرپاکرانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لایەن و ڕەوتە سیاسییەکانی ئەم وڵاتە نەیانتوانیوە لەسەر دیاری کردنی سەرۆک کۆمارو سەرۆک وەزیران ڕێک کەون و لە ئێستادا باسی بژاردەی ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی تازە پێکھاتوو و بەرپاکرانی دیسانەوەی ھەڵبژاردن دەکرێت لە پاش خۆپیشاندان و بشێویەکانی ئەم دواییەی بەغدا.

سەرپەیڤ