کۆبوونەوەی چوار سەرۆکایەتییەکەى عێراق
پێداگری ھەر چوار سەرۆکایەتییەکەى عێراق لە مەڕ چەسپێندرانی ئاسایشت و کۆتایی ھێنان بە چەقبەستوویی ئێستای وڵات.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێرانەوە لە راگەیەنراوێکى سەرۆکایەتى کۆماری عێراق، «بەرهەم ساڵح» سەرۆک کۆماری عێراق ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە میوانداریی کۆبوونەوەیەکی کرد بە ئامادەبوونی «مستەفا کازمی» سەرۆک وەزیران و «محەممەد حەلبوسی» سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و دادوەر «فایەق زێدان» سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و لەبارەی گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی ئەم دواییەی وڵات و لێکەوتەکانی گفتوگۆیان کرد.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە جەختیان لەوە کردەوە کە بەردەوامبوونی دۆخی ناهەمواری سیاسی کاریگەری خراپ دەکاتە سەر هەوڵە نیشتمانییەکان بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و پاراستنی ئارامی و سەلامەتیی هاووڵاتیان، بۆیە پێویستە هەڵوێستێکی کارای جددی لە لایەن تەواوی کۆتلەو ڕەوتەکان بێتەئاراوە کە رێگری بکات لە پەرەسەندنی دۆخەکە، هاوکات جەختکرایەوە لەگرنگی ئەنجامدانی دیالۆگی نیشتمانی وەک تاکە رێگە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان.
ئەمەو لە لایەکی دیکەوە ھەر لە کۆبوونەوەکەدا، دووپاتکرایەوە لەگرنگیی دەستپێکردنی دیالۆگی راشکاوانەی بونیادنەرانە لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و پارێزگاری کردن لە ئاشتیی کۆمەڵایەتی و دڵنیاکردنەوەی هاووڵاتیان و گرتنەبەری هەنگاوی چارەنووسساز بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانەی وا لە ئێستادا بەرۆکی وڵاتی گرتووو.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جەختکراوەتەوە لە پێویستیی پاراستنی تەواوی دامەزراوەکانی دەوڵەت و پارێزگاریکردن لە سەروەری و سەربەخۆیی دەوڵەت لە چوارچێوەی یاسا و دەستوور.
ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە ئاماژەیان بەوەشدا خۆپیشاندانی ئاشتیانە و دەربڕینی بیروڕا مافێکی دەستووریی پارێزراوە، بەڵام پێویستە پابەندی یاسا و رێساکان و پاراستنی ئاسایش و موڵک و ماڵی گشتی بن، وەک چۆن پێویستیشە مامەڵەکردن لەگەڵ داواکارییەکان لەچوارچێوەی یاسا و دەستوور بێت.