ئاب 30, 2022 00:44 Asia/Tehran
  • موقتەدا سەدر مانی لە خواردن گرت

«حەسەن عەزاری» کەسایەتیی نزیک لە موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدری عێراق رایگەیاند: ئەمشەو موقتەدا سەدر مانی لە خواردن گرتووە و تا توندوتیژیەکانی عێراق ڕانەگیردرێن، مانگرتنەکەشی ناشکێنێت.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی عێراق، «حەسەن عەزاری» کەسایەتیی نزیک لە «موقتەدا سەدر» شەوی دووشەممە لە سەر سێ شەممە لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تویتەر ڕایگەیاند: «موقتەدا سەدر» مانگرتنی لە خواردن راگەیاندووەو ھەتا بەکارهێنانی چەک و توندوتیژی نەوەستێندرێت، مانگرتنەکەشی ناشکێنێت.

ئەم بەرپرسەی سەر بە ڕەوتی سەدر ئەوەشی روون کردووەتەوە: لەناوبردنی گەندەڵکاران هەرگیز نابێتە بیانوویەک  بۆ بەکارهێنانی توندوتیژی.

ئەمە لەکاتێکدایە کە ھاوتەریب لەگەڵ بڵاو بوونەوەی ھەواڵی مانگرتنەکەی «موقتەدا سەدر» ھێندێک لە سەرچاوە ھەواڵدەرییەکانیش باسی ھەگەری سەردانی ناوبراو بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان کردووە.

ڕۆژی دووشەممە، موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر لە پەیامێکدا ڕایگەیاند: دەستبەرداربوونی خۆم لەکاری سیاسی رادەگەیەنم، به‌ڵام سەرەڕای ئه‌وه‌ش نەجەف هەردەم وەک مەرجەعێکی گەورە دەمێنێتەوە.

جێگای ئاماژەیە، دوابە دوای بڕیارەکەی ڕۆژی دووشەممەی «موقتەدا سەدر» بە وازهێنانی لە کاری سیاسی، دوای نیوەڕۆی ھەمان ڕۆژ لایەنگرانی رەوتی سەدر لە بەغدا رژانە سەر شەقام و بازاڕ و بەربەستەکانی ناوچەی سەوزیان شکاندو دواتر چونە سەر کۆشکی سەرۆکایەتی و دەستیان بەسەر تەلارەکەدا گرت، بەو هۆیەشەوە قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی لە بەغدا راگەیەندرا.

سەرپەیڤ