دانانی ڕێوشوێنی ئەمنیی توند لە بەغدا هاوکات لەگەڵ بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی
هاوکات لەگەڵ بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق لە بارەی ڕەتکردنەوەی داخوازیی ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی ئەم وڵاتە، بەغدا دەستەودارێکی ئاسایشتیی توندوتیژ بە خۆیەوە دەبینێت.
بەپێی ڕاپۆرتی فۆرات نیوز، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، ئەمڕۆ (چوارشەممە ٧ی ئەیلول) کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا بۆ پێداچوونەوە بە داواکاریی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لەلایەن رەوتی سەدرەوە دوای چەندین دواخستن، هەر لە سەرەتای کۆبوونەوەکەشدا، ڕایگەیاند کە هەموو ئەو داواکاریانەی پێشکەش دەکرێن بۆ پێداچوونەوە لەم دادگایە دوادەخرێت و تەنها داواکاریی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان تاوتوێ دەکرێت.
هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆبوونەوەی پێداچوونەوە لەسەر داخوازیی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عێراق لە دادگای فیدراڵی ئەم وڵاتە، ڕێوشوێنی ئەمنی توند لە ناوچەی سەوزی بەغدا بەڕێوە براو بۆ ئەوەی ڕێگری بکرێت لە سەرھەڵدانی هەرچەشنە ئاژاوەیەکی شیمانەیی لەم ناوچە ھەستیارەی پێتەخت.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق ئەو دەروازەیەیان کە دەچێتەوە سەر کۆشکی سەرۆک وەزیران و سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە ناوچەی سەوز بە بلۆکی چیمەنتۆ داخستووە.
بڕیاربوو رۆژی چوارشەممەی رابردوو دادگای فیدراڵی بڕیاری خۆی لەسەر ئەم داوایە دەربکات، بەڵام ئەوە راگەیەندرا کە ئەم بڕیارە رۆژی پێنجشەممە دەردەچێت و حەوتەی رابردوو جارێکی دیکە دواخرا.