ڕاوێژکاریی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکانی عێراق سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەت و دەستپێکردنەوەی چالاکیی پەرلەمان
سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکانی عێراق لە کۆبوونەوەیەک دا جەختیان لەسەر پێویستی پێکهێنانی حکومەت و دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانی پەرلەمان کردەوە.
بەپێی راپۆرتی شەفەق نیوز، ئەمڕۆ دووشەممە، سەرچاوە هەواڵییە عێراقییەکان رایانگەیاند، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکانی ئەو وڵاتە (جگە لە رەوتی سەدر) لە ماڵی فالح ئەلفەیاز بەرپرسی حەشدی شەعبی کۆبوونەوە.
بەپێی ئەو سەرچاوانە لەم کۆبوونەوەیەدا پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق و هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت و دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانی پەرلەمان دوای مەراسیمی ئەربەعین تاوتوێ کرا. ئەم سەرچاوانە گوتیشیان، لەم کۆبوونەوەیەدا جەخت لەسەر دروستکردنی کەناڵی دیالۆگ و پەیوەندی لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان کرایەوە بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەر و لێکتێگەیشتن لەسەر خێراکردنی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ.
هاوکات نووری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای عێراق شەوی رابردوو لە تویتێکدا نوسیویەتی، بەهۆی بڕیارەکەی دەسەڵاتی دادوەرییەوە سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام نادرێت.