ئه‌یلوول 22, 2022 09:31 Asia/Tehran
  • «مستەفا کازمی» لە نیۆیۆرک چاوی بە «مەکرۆن»ی سەرۆک کۆماری فەرەنسا کەوت

«مسته‌فا کازمی» سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق له‌ نیۆیۆرک له‌گه‌ڵ «ئیمانوئێل مەکرۆن»ی سه‌رۆک کۆماری فەره‌نسا کۆبووەوه‌ و باسیان له‌چاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانی سیاسیی ئێستا و هه‌وڵه‌کان بۆ تێپه‌ڕاندنی دۆخی عێراق کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە راگه‌یه‌ندراوێکی نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق، له‌ چوارچێوه‌ی کۆبوونه‌وه‌یەکی دوو قۆڵیی نێوان «مسته‌فا کازمی» سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق له‌گه‌ڵ «ئیمانوئێل مەکرۆن»ی سه‌رۆک کۆماری فەره‌نسا کە ڕۆژی چوارشەممە لە پەراوێزی حەفتاوحەوتەمین لوتکەی کۆگەی گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بیۆیۆرک بەڕێوە چوو،باس له‌ په‌یوه‌ندییه‌ دوو قۆڵییه‌کانی نێوان هه‌ردوو وڵات و رێگاکانی په‌ره‌پێدانی له‌ بوار و ئاسته‌ جیاوازه‌کاندا کراو  کۆمه‌ڵێک پرس و دۆسیه‌ی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شیش تاوتوێکران.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا ھەردووک لا جەختیان له‌ ئاسۆی هاوکاریی هاوبه‌شی نێوان دوو وڵاتیش کردەوە له‌ بواره‌کانی ئاسایشت و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی تیرۆر، هه‌روه‌ها جه‌خت له‌سه‌ر به‌هێزکردنی هاوکاریی ئابوری له‌ بواره‌ جیاجیاکان بە تایبەت وزه‌ و وه‌به‌رهێنانیش کرایەوە.

هه‌ر به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌که‌ی نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق،، له‌ کۆبونه‌وه‌که‌دا باس له‌ پێویستیی ئاماده‌کاری بۆ به‌ڕێوه‌چوونی کۆنفڕانسی به‌غدا بۆ هاوکاری و هاوبه‌شی کرا، هه‌روه‌ها رۆڵی دیار و به‌رچاوی عێراق له‌ ناوچه‌که‌دا و هه‌وڵه‌کانی بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاسایشت له‌ رێگه‌ی سیاسه‌تی هێوربوونه‌وه‌ و لێکنزیکبونه‌وه‌ی بۆچوونه‌کان به‌رزنرخێندرا به‌ شێوازێک که‌ سه‌قامگیریی عێراق و ناوچه‌که‌ و ئاوه‌دانی گه‌له‌کانی زیاتر بکات. 

هه‌روه‌ها له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر هه‌وڵه‌کانی کازمیش کرا بۆ دۆزینه‌وه‌ی ده‌رچه‌یەک لە ئاراستەی چاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانی سیاسیی ئێستا و ده‌ستپێشخه‌ریی دیالۆگی نیشتمانی.

سه‌رۆک کۆماری فەڕه‌نسا لە دیدارەکەدا وێڕای دەربڕینی پشتیوانی، جه‌ختیکرده‌وه‌ له‌سه‌ر پێویستیی هاندانی هێزه‌ سیاسییه‌کانی عێراق بۆ گفتوگۆ له‌ناوخۆو چاره‌سه‌ریی پرۆسه‌ی سیاسی و ره‌چاوکردنی ده‌ستور.

سەرپەیڤ