ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەم هەفتەیەدا
ئەندامێکی لیژنەی هەماهەنگیی شیعەکان کە بە چوارچێوەی هەماهەنگی ناسراوە، ڕایدەگەیەنێت، ڕێککەوتنێک لەنێوان گروپە سیاسییەکان هەیە بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق لەم هەفتەیەدا.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فارس، مەحمود ئەلحیانی وتی: ڕێکەوتنێک لە نێوان گرووپە سیاسییەکاندا هەیە کە ڕۆژی ٢٧ی ئەم مانگە (٥ی رەزبەر) دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە بچێت. جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەو گروپانەش هاوڕان لەسەر ئەوەی کە ئەم کۆبوونەوەیە بەبێ هیچ دواکەوتنێک ئەنجام بدرێت.
ئەم ئەندامەی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕوونی کردەوە کە مەبەست لە ئەنجامدانی دانیشتنەکانی پەرلەمان دەرکردنی یاسایە و پێکهێنانی کابینەی حکومەتیش پێویستی بە ڕێککەوتنی نێوان ڕەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی هەیە بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بەردەوام بێت.
لەلایەکی دیکەوە، محەمەد شیاع سودانی، کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو لەگەڵ زیاتر لە ٦٠ پەرلەمانتاری ئەم وڵاتە کۆبووەوە و پلانەکانی کابینەکەی ڕوونکردەوە.
چوارچێوەی هەماهەنگیش دووشەممەی ڕابردوو بە ئامادەبوونی سودانی کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا. لەم کۆبوونەوەیەدا کە بە ئامادەبوونی سەرجەم سەرکردەکانی ئەم لیژنەیە بەڕێوەچوو، دوایین دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق تاوتوێ کرا.