ئه‌یلوول 27, 2022 06:08 Asia/Tehran
  • سەرۆکی پەرلەمانی عێراق: سەبارەت بە دەستلەکارکێشانەوەم لە سەرۆکایەتی پەرلەمان راوێژم بە کەس نەکرد

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەکاتی راگەیاندنی دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی سەرۆکایەتی پەرلەمان رایگەیاند، لەبارەی ئەو پرسە راوێژی لەگەڵ هیچ کام لە هاوپەیمانەکانی نەکردووە.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی دووشەممەی هەواڵدەریی ئەلجەزیرە؛ «محەممەد حەلبوسی»، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکدا رایگەیاند: پەرلەمانتاران مافی خۆیانە کە بۆچوونی خۆیان لەمەڕسەرۆکی داهاتووی پەرلەمان ڕایگەیەنن، پەرلەمانی عێراق دەبێ بگەڕێتەوە بۆ باری ئاسایی خۆی.

حەلبوسی وتیشی: ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە شمشێرێکی دوو دەمە و پێویستە هەموو هەوڵەکان بە ئامانجی گەییشتن بە ئاشتەوایی بێت.

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، پێویستە پێش لە بەرپاکرانی هەڵبژاردنی پێشوەختە ڕێککەوتن لەسەر یاسای هەڵبژاردن و حکومەتی داهاتوو و میکانیزمی فراکسیۆنی سەرەکی لە پەرلەمان بکرێت و وتی: بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی سەرۆکایەتیی پەرلەمان ھەر لە مێژ بوو زەینی بە خۆیەوە خەریک کرد بووم. ئەم دەست لەکارکێشانەوەیەش هیچ پەیوەندییەکی بە هاوپەیمانیی سێ قۆڵییەوە نییە، و نامەوێت خۆم و خواستی خۆم بەسەر کەسدا بسەپێنم.

جێگای ئاماژەیە، لە بەیاننامەیەکدا رۆژی دووشەممە، کۆڕی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە دانیشتنی رۆژی چوارشەممەی پەرلەمان کە دوای ماوەیەکی زۆر بەڕێوەدەچێت، دەنگ لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی «حەلبوسی» دەدرێت و جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانیش هەڵدەبژێردرێت.

رۆژی 30ی تەمووز، دوای ئەوەی لایەنگرانی موقتەدا سەدر هێرشیان کردە سەر پەرلەمانی عێراق، «محەمەد حەلبوسی» هەڵپەساردنی دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراقی ھەتا ئاگادارکردنەوەی دووبارە راگەیاند.

سەرپەیڤ