سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەختی لە چارەسەریی سیاسی قەیرانەکانی ئەم وڵاتە کردەوە
سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وێڕای داوای چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی وڵاتەکەی ، سەرجەم گروپە سیاسییەکانیشی بە بەرپرسیار زانی لەبەرامبەر خەڵکدا.
بەپێی راپۆرتی ڕۆژی پێنج شەممەی کەناڵی تەلەفزیۆنیی ئەلعەرەبیە «محەمەد حەلبوسی» سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هەموو گروپە سیاسییەکان بە دڵسۆزییەوە بەدوای چارەسەرێکی سیاسیدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی وڵات لەم قەیرانەی ئێستا دەرباز ببێت و بەرپرسیارێتی ئەم قۆناغە بە ئەستۆ بگرن، بەو هیوایەی کە بە قۆناغەکانی داهاتوو بگەن و جارێکی دیکە شایەتی گەڕانەوەی متمانە و پەیوەندیی نێوان خەڵک و گروپە سیاسییەکان بین.
حەلبوسی ئاماژەی بەوەشکرد، وڵات بەدەست چەندین کێشەوە دەناڵێنێت، ئێمە شایەتی کێشە یەک لە دوای یەکەکانین لە بوارەکانی سیاسی و ئەمنی و سەربازیدا و دەبێت دان بە بەرپرسیارێتیی خۆماندا بنێین و هیوادارین لە پەرلەمان سەرکەوتوو بین بۆ ئەوەی گروپە سیاسییەکان لە یەکتر نزیک بکەینەوە.
جەختی لەوەش کردووەتەوە کە،ئێمە دەمانەوێت دەزگای یاسادانان کە شوێنی داڕشتنی دەستووری وڵاتە، بەڵگەنامەی بەغدا وەک چارەسەرێکی گشتگیر بۆ قەیرانەکانی وڵات دابڕێژێت، ئەمڕۆ بەغدا دابەش بووە و خەڵکی عێراق بەهۆی قەیرانی سیاسییەوە نیگەران و پەرۆشن .