سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق هیوای سەرکەوتنی بۆ سەرۆک وەزیرانی تازە خواست
«مستەفا کازمی»سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق لە پەیامێکدا دوای متمانە وەرگرتنی کابینەکەی «محەمەد شیاع سودانی» هیوای سەرکەوتنی بۆ حکومەتی نوێی وڵاتەکەی خواست و رایگەیاند، ئابووریی عێراق پێویستی بە ئاوەزێکی زۆر ژیرانەیە بۆ بەرەوپێشبردن.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی عێراق، دوای متمانەبەخشران بە کابینەکەی «محەمەد شیاع سودانی» لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە، «مستەفا کازمی» سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق لە وتارێکدا رایگەیاند، داوا لە هاوڵاتیانی عێراق دەکەم پشتیوانی لە حکومەتی نوێ بکەن بۆ بەرگریکردن لە دیموکراسی و رووبەڕوو بوونەوەی ئەو لایەنانەی کە دەیانەوێت بەرژەوندیی گەلی عێراق بخەنە مەترسییەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە، عێراق لە ساڵی٢٠٢٢ لەوپەڕی گەشەسەندندایە، بە گوێرەی سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی، عێراق توانیویەتی ئابوورییەکەی 3% بەرەو پێش ببات، یەدەکی نەوت لە عێراق پێش دوو ساڵ لە دابەزیندا بوو، بەڵام ئەمڕۆ یەدەکی نەوتی عێراق٣٥ ملیار دۆلار زیادی کردووە، هەروەها یەدەکی ئاڵتونیش گەیشتووەتە زیاتر لە ٩٦ تۆن.
باسی لەوەش کرد، پێشتر ئابووریی عێراق لە لێواری رووخاندا بوو، بەڵام ئەمڕۆ پێشکەوتنی زۆری بەخۆیەوە بینیووە و گەنجینەی دەوڵەت ئاوەدانە.
جەختی لەوەش کردەوە کە، ئابووریی عێراق پێویستی بە ئاوەزێکی زۆر ژیرانەیە بۆ بەرەوپێشبردنی، هیوادارین سوود لەو داهاتە وەربگرین بۆ بەرەوپێشبردنی ژیانی رۆڵەکانمان.