تشرینی یه‌که‌م 28, 2022 15:07 Asia/Tehran
  • پیرۆزبایی «حەکیم» لە «سودانی» دوای پێکهێنانی کابینه‌ی حکومه‌ت

لە پەیامێکدا ڕابەری ڕەوتی حیکمەتی نیشتمانیی عێراق پیرۆزبایی متمانەبەخشینی پەرلەمان بە کابینەی تازەی عێراق کردو جەختی لە پێویستیی دانانی پردی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە و جیهان کردەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ شەوی ھەینی «سەیید عەممار حەکیم» ڕابەری ڕەوتی حیکمەتی نیشتمانیی عێراق لە پەیامێکدا وێڕای پیرۆزکردنی متمانەبەخشینی پەرلەمان بە کابینەی تازەی عێراق لە «محەمەد شیاع سودانی» سەرۆکوەزیرانی ئەم وڵاتە، پێکهاتنی حکومەتی لە ماوەی دوو حەوتەدا بە دەسکەوتێکی گەورە و بێ وێنە زانی و وتی: پێویستە هەموو هێزە سیاسیەکان بەرژەوەندی وڵات و گەل بخەنە بەر چاویان و بە ئەوبەرتر لە بەرژەوەندیی حزبی و گروپی دای بنێن و هەروەها پشتگیری لە رێکارەکانی چاکسازی بکەن و بەرەنگاری گەندەڵی ببنەوەو خزمەتی هاوڵاتیان بکەن.

حەکیم جەختی لە پاڵپشتییەکانی حکومەتی سودانی کردەوەو وتیشی: داوا دەکەین ئەم حکومەتە ببێتە ئاڵقەیەکی پەیوەندی لە نێوان سیستەمی سیاسی و جەماوەریی خەڵک و کار بکات بۆ گەڕاندنەوەی متمانە و پێکهێنانی پەیوەندییەکان و درێژەدان بە دیالۆگ و پەیوەندی لەگەڵ هێزە ناڕازییەکان.

ڕابەری ڕەوتی حیکمەتی نیشتیمانی هەروەها ڕاشیگەیاند: هەموو پەسەندکردنێک یان ناڕەزایەتییەک لە ڕوانگەیەکی نەتەوەییەوە بۆ خزمەتکردنی گەل و نیشتیمانە.

حەکیم هەروەها داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد پردی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە و جیهان دابمەزرێنێت و بەم شێوەیە بنەما جێگیرەکان و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان و سەروەریی وڵات بنیات بنێت.

سەرپەیڤ