تشرینی یه‌که‌م 29, 2022 23:47 Asia/Tehran
  • بزوتنەوەی نوجەباء: پێویستە سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق دەرکردنی داگیرکەران بە ئەرکی خۆی بزانێت

ئەمینداری گشتیی بزوتنەوەی نوجەبای عێراق لە پەیامێکدا بۆ سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق هیوای ئەوەی دەربڕی کە کاربەدەستانی عێراق داخوازیی دەرکردنی داگیرکەران لە سەرتاسەری خاکی وڵات جێبەجێ بکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی فارس ڕۆژی شەممە، شێخ "ئەکرەم ئەلکەعبی" ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی نۆجەبای عێراق، لە پەیامێکدا بۆ "محەمەد ئەلسودانی"، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، داوای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی دارایی و دەرکردنی لەشکریانی بیانی لە عێراقی کرد.

ئەمینداری گشتیی خۆڕاگریی ئیسلامیی نوجەبای عێراق جەختی لەوە کردەوە کە تێکۆشەرانی دڵسۆزی بەرخۆدان بۆ بەدیهێنانی ئامانجە پیرۆزەکان و نەهێشتنی ستەم و جێبەجێکردنی دادپەروەری و حوکمڕانی و ژیانێکی شەرەفمەندانە لە دژی هێزە داگیرکەرەکان شەڕ دەکەن.

ئەم بەرپرسە عێراقییە وتیشی: هۆکاری ئەم کێشەو ئالنگارییانە لەلایەک کۆنتڕۆڵی داگیرکەران بەسەر چارەنووسی ئابووریداو، لەلایەکی دیکەشەوە تاڵانکرانی سەرمایەکانی وڵات لەلایەن گەندەڵکارانەوەیە، کە قەیرانی کارەبا، کشتوکاڵ، پەروەردە، تەندروستی، و بێکاریی گەنجانیش دەگرێتەوە.

حەوتەی ڕابردوو، «محەمەد شیاع سودانی» دوای ئەوەی سەرۆککۆماری عێراق دوای چەند مانگ دواکەوتن، هەڵبژێردرا ئەرکی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراقی پێ سپێردراو ڕۆژی پێنجشەممەش پەرلەمانتارانی عێراق دەنگی متمانەیان بە حکومەتی «محەمەد شیاع سودانی» دا. ناوبراو دوای نیوەڕۆی ڕۆژی ھەینیش پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەیزیرانی ئەم وڵاتەی لە «مستەفا کازمی» وەرگرت.

سەرپەیڤ