کانونی یه‌که‌م 01, 2022 09:30 Asia/Tehran
  • سودانی: شەهیدکرانی «سەردار سولەیمانی» و «ئەلموهەندیس» پەیوەندیی نێوان هەردوو نەتەوەی ئێران و عێراقی پتەوتر کردووەتەوە

«محەممەد شیاع سودانی» سەرۆک وەزیرانی عێراق شەوی پێنج شەممە لە دیدار لەگەڵ «حوججەتولئیسلام ئەحمەد مەروی» سەرپەرشتیاری گڵکۆی پیرۆزی ڕەزەوی «ئیمامی ڕەزا (ع)» لە مەشھەد وتی: شەهیدکرانی شەھیدان سەردار«حاج قاسم سولەیمانی» و «ئەبو مەھدی ئەلموهەندیس» لە تەنیشتی یەکتر بووەھۆی پتەوتر بوونی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردووک نەتەوەی ئێران و عێراق.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا،سەرۆک وەزیرانی عێراق وتیشی:ئەو خزمەتانەی کە شەھید «سولەیمانی» شانبەشانی حەشدی شەعبی بۆ لەناوبردنی داعش و چەسپاندنی ئاسایشت لە عێراق دا کردی، باشترین نموونەن بۆ سەلماندنی برایەتی و دۆستایەتیی جەماوەری ئەم دوو وڵاتەو ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئێران و عێراق پێکەوە بە ئاراستەیەک دا دەڕۆن.

ناوبراو وتیشی: دۆستایەتیی نێوان دوو نەتەوەی ئێران و عێراق مێژوویەکی دێرینەی هەیە. ئەو هاوبەشییە مێژوویی و کولتووری و ئایینیانەی لە نێوان خەڵکی ئەو دوو وڵاتەدا هەیە، دەتوانێت ببێتە هۆی دامەزرانی پەیوەندییەکی دۆستانەی قوڵ لە نێوان هەردووک وڵاتدا.

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادەیی خۆی بۆ دروست کردنی ئاسانکاری لە پەیوەندییەکانی نێوان پیرۆزگەکانی عێراق و ئێران ڕاگەیاند و جەختی لەوەش کردەوە کە: ئامادەین چالاکیی زیاتریش بنوێنین لە ئاراستەی دابین کردنی ئاسانکاری بۆ پەیوەندییەکانی نێوان مەزارگە پیرۆزەکانی عێراق و ئێران.

سەرپەرشتیاری گڵکۆی پیرۆزی ڕەزەوی «ئیمامی ڕەزا (ع)» لە مەشھەدیش پەیوەندیی دۆستانە و برایانەی نێوان خەڵکی ئێران و عێراقی بە لە شکان نەھاتوو زانی و وتیشی: ئێران و عێراق یەک وڵاتن و ئەم ڕستەیەش دروشمێکی ڕووکەشانە نییە، بەڵکو بابەتێکی ڕاستەقینەیە.

«حوججەتولئیسلام ئەحمەد مەروی» بە ئاماژەدان بەوەی بەڵگەی مێژوویی دەریدەخات کە تێڕوانینی زانا و دەسەڵاتدارانی ئێرانی و عێراقی هەمیشە ئەوە بووە کە عێراق و ئێران یەکێکن، وتیشی: خاڵی هاوبەش و ڕووداوە مێژووییەکان هەموویان ئاماژەن بۆ ئەوەی کە هیچ مەودایەک لە نێوان جەماوەری عێراق و ئێراندا نییە.

وتیشی: دوژمنان هەمیشە بە پیلان و پیلانگێڕیی جۆراوجۆر لە هەوڵی دروستکردنی جیاوازی لە نێوان خەڵکی ئەم دوو وڵاتە مەزنەدان.

«محه‌مه‌د شیاع سودانی» سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق، دوای سه‌ردانیکردنی مه‌زارگەی «ئیمامی ڕەزا (ع)» لە مەشھەدی پیرۆز و نزاکردن بۆ خێرو چاکه‌ی گه‌لی عێراق ئێرانی بەرەو بەغدای پێتەختی عێراق بەجێ ھێڵا.

سەرپەیڤ