عامری: پشتیوانیی ئێران و حیزبوڵڵا لە مەڕ تێکشکاندنی داعش بەرز دەنرخێنین
لە پێنجەمین ساڵیادی شکستھێنانی داعش، سەرۆکی هاوپەیمانیی «فەتح» لە پەرلەمانی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە ئەم وڵاتە پاڵپشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان بەرز دەنرخێنێت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فارس، «هادی عامری»، سەرۆکی هاوپەیمانیی «فەتح» لە پەرلەمانی عێراق، ڕۆژی شەممە، بەبۆنەی پێنجەمین ساڵیادی شکستھێنانی داعش لەم وڵاتە، لە بەیاننامەیەکدا لە کەناڵی تێلێگرامیی خۆی جەختی لەوە کردەوە کە دەبێ لە ھەمبەر ئەو خوێنانەی وا لەم شەڕەدا ڕژاوە، سەری کڕنۆش دانوێنین.
عامری نووسیویەتی، ڕۆڵی گرنگی مەرجەعییەتی ئایینی و فەتوا مێژووییەکەی لەمەڕ جیهادی کیفائی و هەروەها ھەوڵی خەڵکی عێراق کە وەڵامی ئەم فەتوایەیان داوەتەوە، جێگای پێزانینە.
سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح لە پەرلەمانی عێراق هەروەها پشتیوانیی بنەمایی و بەردەوامی کۆماری ئیسلامیی ئێران و حیزبوڵڵای لە عێراق بەرزنرخاند و وتیشی: پاڵپشتیی ئێران و حیزبوڵڵا تەنیا لە چەک و کەرەستە و گواستنەوەی ئەزمونەکاندا سنووردارنەبوو، بەڵکو خوێنی پاکی ئەو فەرماندە و ڕاوێژکارانەش دەگرێتەوە کە لە سەرنگەرەکاندا خوێنیان تێکەڵ بە خوێنی برایانی عێراقیی خۆیان بوو.
عامری شەهیدبوونی «حاج قاسم سولەیمانی» و «ئەبومەهدی موهەندیس»ی بە باشترین نمونەی ئەم تێکەڵاوییە ئایینی و جەستەیی و یەکگرتوویی ھاوچارەنووسییە زانی و داوای لە هەموو گەلی عێراق کرد کە ئەم ڕۆژە بۆ بنیاتنانی عێراقێکی یەکگرتوو و دوور لە گەندەڵی وتیرۆر بقۆزنەوە.