کانونی دوھەم 09, 2023 10:31 Asia/Tehran
  • سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق بەرەو ئیمارات هەڵات

نوێنەری هاوپەیمانیی «فەتح»ی عێراق ڕایگەیاند؛ "مستەفا کازمی"، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، لە ترسی دادگایی کردن، بەرەو ئیمارات هەڵات.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی دووشەممەی هەواڵدەریی میهر؛ ماڵپەڕی روناهی لە زاری «عەلی تورکی ئەلجەمالی» یەکێک لە جێگرەکانی هاوپەیمانیی فەتح لە پەرلەمانی عێراق وای بڵاو کردەوە کە: «مستەفا کازمی»، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، زیاتر لە سێ حەوتە لەمەوبەر لە عێراق هەڵاتووە بۆ ئەوەی بەهۆی ئەو سکاڵایانەوە کە لە دژی تۆمار کراوە، نەکەوێتە بەر پەیگەڕی دادەڤانی.

ئەلجەمالی ئاماژەی بەوەش کرد، هەڵاتنی کازمی دەربڕی ترسی ناوبراو لەو دۆسیەگەلەیە کە لە دەسەڵاتی دادوەریدا دژی ناوبراو پێکھێنراوە، وتیشی: بۆی هەیە لەو دۆسیانەی وروژێنراون، لەوانە دۆسیەی تیرۆری سەردارانی خۆڕاگری لە فڕگەی بەغدا، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەربچێت.

بە قسەی ئەلجەمالی، سەرەڕای دەستێوەردانەکانی ئەمریکا بۆ لەمپەر قوت کردنەوە لە بەردەم دۆسیەی تیرۆرکردنی شەهید سولەیمانی، وا ھەڵدەگرێت کە پەرلەمان بۆ پێ و شوێن گرتنی دۆسیەی تیرۆری فەرماندەرانی خۆڕاگری بەخێرایی هەنگاوی کردەیی ھەڵبگرێت.

هاوکات «سەلام حسێن» یەکێک لە ئەندامانی هاوپەیمانیی فەتحی عێراق باسی ھێندێک ھەوڵی ڕاستەقینەی حکومەتی ئەم وڵاتەی کردووە بۆ سزادان و تۆڵەسەندنەوە لە هەموو ئەو کەسانەی دەستیان لە تاوانی تیرۆرکردنی فەرماندەکانی سەرکەوتندا هەبووە.

ئەم ئەندامەی هاوپەیمانیی فەتح هەروەها وتویەتی: حکومەتی عێراق لە سەریەتی بۆ ڕاپەڕاندنی پەسەندکراوەی پەرلەمان  یەکەم هەنگاوی خۆی لە ئاراستەی دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا و دواتریش درکاندنی ناوی سەرجەم ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە ھەڵگرێت ھەتا سزای پێویستیان بۆ جێبەجێ بکرێت.

ڕۆژی سێشەممە سێھەمی  ژانویەی ٢٠٢٣ ، ساڵڕۆژی شەهید کرانی سەردار «قاسم سولەیمانی» بوو. سەرداری سپەھبۆد «حاج قاسم سولەیمانی» فەرماندەی پێشووی لقی قودسی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، سێھەمی ژانویەی ٢٠٢٠، لە کاتێکدا کە بە پێی بانگێشتنی فەرمیی کاربەدەستانی عێراق سەردانی ئەم وڵاتەی کردبوو، لە ھێرشی ئاسمانیی ھێزە داگیرکەرو تیرۆریستەکانی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا، ھاوڕێ لەگەڵ «ئەبو مەهدی موھەندیس» جێگری سەرۆکی حەشدی شەعبی و هەشت کەس لە هاوڕێبازەکانی دیکەی شەهید کران.

 

سەرپەیڤ