کانونی دوھەم 10, 2023 21:30 Asia/Tehran
  • عێراق: بکوژانی فەرماندەکانی بەرخۆدان دادگایی دەکرێن

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕێوشوێنی یاسایی بۆ لێپێچینەوە لە ئەنجامدەرانی تیرۆرکردنی فەرماندەکانی سەرکەوتن دەگرنەبەر.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئەلمەیادین، ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕۆژی سێشەممە، لە بەیاننامەیەکدا وێڕای پێداگرتن لەسەر دادگایی کردنی سەرجەم تاوانبارانی تیرۆرکردنی شەهیدان حاج قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی ئەلموهەندیس،ڕاشیگەیاند: کۆماری ئیسلامیی ئێران میوانداریی کۆبوونەوەیەک دەکات بەمەبەستی گۆڕینەوەی زانیاری لە بارەی  تیرۆری فەرماندەکانی سەرکەوتن لە فڕۆکەخانەی بەغدا.

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق لەم بەیاننامەیەدا ڕایگەیاند، دەسەڵاتی دادوەریی ئەم وڵاتە لە چوارچێوەی لیژنەی دادوەری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری و دوایین ھەنگاوەکان سەبارەت بە تاوانەکەی فڕۆکەخانەی بەغدا کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ئەنجام داوە.

پێشتر «فایق زەیدان» سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕایگەیاندبوو، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەرکردووە.

هاوکات «سەلام حسێن» یەکێک لە ئەندامانی هاوپەیمانیی فەتحی عێراقیش باسی ھێندێک ھەوڵی ڕاستەقینەی حکومەتی ئەم وڵاتەی کردووە بۆ سزادان و تۆڵەسەندنەوە لە هەموو ئەو کەسانەی دەستیان لە تاوانی تیرۆرکردنی فەرماندەکانی سەرکەوتندا هەبووە.

ڕۆژی سێشەممە سێھەمی  ژانویەی ٢٠٢٣ ، ساڵڕۆژی شەهید کرانی سەردار «قاسم سولەیمانی» بوو. سەرداری سپەھبۆد «حاج قاسم سولەیمانی» فەرماندەی پێشووی لقی قودسی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، سێھەمی ژانویەی ٢٠٢٠، لە کاتێکدا کە بە پێی بانگێشتنی فەرمیی کاربەدەستانی عێراق سەردانی ئەم وڵاتەی کردبوو، لە ھێرشی ئاسمانیی ھێزە داگیرکەرو تیرۆریستەکانی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا، ھاوڕێ لەگەڵ «ئەبو مەهدی موھەندیس» جێگری سەرۆکی حەشدی شەعبی و هەشت کەس لە هاوڕێبازەکانی دیکەی شەهید کران.

سەرپەیڤ