حزبێکی عێراقی دەبێتە ئۆپۆزیسیۆنی دژبە حکومەتەکەی سودانی
بزوتنەوەی هۆشیاریی نیشتیمانی» رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە دەبێتە ئۆپۆزیسیۆنی دژبە حکومەتی «سودانی» و داواش دەکەن رێگری لە دەستوەردانی دەرەکی بکرێت و ھەوڵی دامەزرانی دەسەڵاتێکی دادوەریی بێلایەن بدرێت.
بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی عێراق، «بزوتنەوەی هۆشیاریی نیشتیمانی _حرکة وعی الوطنیة» رایگەیاندووە: لە ئەمڕۆوە دەبێتە ئۆپۆزیسیۆنی دژبە حکومەتەکەی «محەممەد شیاع سودانی» سەرۆک وەزیرانی عێراق و هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و داواش دەکەن رێگری لە دەستوەردانی دەرەکی بکرێت و ھەوڵی دامەزرانی دەسەڵاتێکی دادوەریی بێلایەن بدرێت.
«سەلاح عەرباوی» سەرۆکی «بزوتنەوەی هۆشیاریی نیشتیمانی» لەبارەی بڕیاری لایەنەکەی وتوویەتی: ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە کە ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیین بەرامبەر حکومەتی ئێستای عێراق بەسەرۆکایەتیی «محەمەد شیاع سودانی» و هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت واتە لایەنەکانی پێکهێنەری.
سەرکردەکانی ئەم هاوپەیمانییە تازە دامەزراوە داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەموارکردنەوەی دەستووری وڵات و نەهێشتنی گروپە نەریتییەکان و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن دەکەن.
«سەلاح عەرباوی» لە سەرکردە گەنجەکانی پێشوی رەوتی حیکمەتی نیشتیمانیی بە ڕابەرایەتیی «عەممار حەکیم» بووە کە مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠٢٠، جوڵانەوەیەکی نوێی سیاسی لە بەغدا راگەیەند و لەکۆنگرەی راگەیاندنی پارتەکەشی دا داوای گۆڕانکاریی دەستوریی و هەڵبژاردنی سەرۆکی وڵات بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەلایەن خەڵکی کرد. «سەلاح عەرباوی» ساڵی ٢٠٢٠ دەست لەکار کێشانەوەی لە رەوتی حیکمەتی نیشتیمانی راگەیاند.