موقتەدا سەد:مەهێڵن کورد و سوننەو شیعە لە سووریا رووبەڕووی مردن ببنەوە
«موقتەدا سەدر» ڕابەری ڕەوتی سەدر ڕۆژی پێنجشەممە بانگەوازێکی ئاراستەی هەمو گەلانی جیهان کرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی یەکجاریی ئەو گەمارۆ ستەمکارنەیەی کەبەسەر گەلی سوریادا سەپێنراوە و راشیگەیاند، " گەلی سوریا بەکورد و شیعە و سوننەوە پێکەوە روبەڕوی تیرۆر و ستەم و داگیرکاری بوونەوە، ئێستاش مەهێڵن بەتەنها روبەڕوی مردن ببنەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی عێراق، موقتەدا سەدر لە توییتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی نوسیویەتی:هەر ئابڵوقەیەکی ئابوری نێودەوڵەتی دژ بە دەسەڵات و حکومەتەکان بەهیچ شێوەیەک سودی بۆ گەییشتن بە ئامانجی خوازراوی دەوڵەتی داگیرکار نەبووە و نابێت، مەگەر بڵێین ئامانجی خوازراو ژێردەستەکردن و برسیکردنی گەلانی ستەملێکراوە و ئەگەر وابێت، داواکارییەکانیان و ئاواتەکانیان بەدی هاتووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، "لێرەدا گەلانی سوریا بەدەست بەڵای پەتا و نەخۆشی و برسێتی و هەژاری و تیرۆر و نادادپەروەری و نەبوونی سوتەمەنی و پارە و ژیان دەناڵێنن، ئایا ئەمە لە پێناوی بەرزاییەکانی جۆلان و ئیسرائیلە، یان لە پێناو چەوساندنەوەو ملکەچکردنی خەڵک بۆ ڕۆژئاوای دیکتاتۆر.
موقتەدا سەدر لەو پەیامەی دا ھەروەھا نووسیویەتی: گەلی سوریا لە هەموو شوێنێکەوە ڕووبەڕووی مردن دەبێتەوە، بۆیە پێویستە یەکگرتوبن بۆئەوەی ڕزگاریان بێت، گەمارۆی سەریان بە تەواوی هەڵبگیرێت و مافەکانیان بۆ بگەڕێندرێتەوە، بە شانازی و کەرامەتەوە، گەلێکن شایەنی ژیانن، چونکە گەلێکن کە بە شیعە و سوننە و کوردەوە ستەم و تیرۆر و داگیرکارییان ڕەتکردەوە، بۆیە ڕەوا نییە بەجێیان بهێڵن ھەتا بەتەنها ڕووبەڕووی مردن ببنەوە، سوریا لە سەرەتایی ترین مافەکانی ژیان بێبەشکراوە.