«محەممەد شیاع سودانی» : ئێران دەست لە کاروباری عێراق وەرنادات/ ڕۆژئاوا دەبێت لە دۆخی عێراق تێبگات
سەرۆک وەزیرانی عێراق وێڕای پێشوازیکردن لە ڕێککەوتنی نێوان ئێران و عەرەبستان ڕایگەیاند؛ ئێران هەرگیز دەست لە کاروباری ناوخۆی عێراق وەرنادات و ڕۆژئاوا دەبێ لە دۆخی عێراق تێبگات.
«محەممەد شیاع سودانی» سەرۆکوەزیرانی عێراق لە وتارێکدا پێشوازی لە ڕێککەوتنی نێوان ئێران و عەرەبستان کرد بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و جەختی لە ڕۆڵی گەورەی بەغدا لە نزیککردنەوەی بۆچوونەکانی تاران و ڕیاز لە یەکتر کردەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە پەیوەندیی ئەرێنی و هاوبەشیمان لەگەڵ ئێران زۆرەو بەغدا هەرگیز قبووڵی ناکات کە خاکی عێراق خاڵی دەستپێک بێت بۆ هەڕەشەکردن لە وڵاتانی دراوسێ.
«محەممەد شیاع سودانی» ڕوولە وڵاتانی ڕۆژئاوا وتی: عێراق بەشداری ناکات لە بەرە چێکردن دژی وڵاتانی ناوچەکە؛ پێویستە ڕۆژئاوا لەبارودۆخی عێراق تێبگات کە وڵاتێکە خاوەنی ئایین و نەتەوەی جۆربەجۆرو پێویستە هەموو لایەک ڕێز لە سەروەرییە نیشتیمانییەکەی بگرن.
سەرۆکوەزیرانی عێراق هەروەها ئاماژەی بەوەش دا کە؛ عێراق دابەش ناکرێت و دەسەڵاتی عێراق لە دەستوورەکەیەوە سەرچاوە دەگرێت.
لە میانەی وتووێژەکانی ئەم دواییەی ئێران و عەرەبستان لە پەکین، هەردووک وڵات ڕۆژی هەینی دەھەمی مارسی ٢٠٢٣ ڕێککەوتن لەسەر بووژاندنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان دوای ٧ ساڵ.