ئادار 18, 2023 15:35 Asia/Tehran
  • داهاتی هەرێمی کوردستان گەڕایەوە سەر حیسابی فیدراڵی

ڕاوێژکاری سیاسیی سەرۆکوەزیرانی عێراق، دووپاتی کردەوە کە حکومەتی فیدراڵی توانی ڕێککەوتنەکەی ئەم دواییەی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بگەیەنێتە ئەنجام، وەک پابەندبوونی خۆی بە جێبەجێکردنی بەرنامە حکومی و سیاسییەکەی، بە دانانی حیسابێک کە هەموو داهاتی هەرێمی کوردستانی تێدا کۆبکرێتەوە و هەژمێرێکی ناوەندیی بۆ دابنرێت.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی عێراق، «فادی ئەلشەمەری» ئاماژەی بەوەشکرد، "رێککەوتنەکە یەکێکە لەو دەستکەوتانەی حکومەتی فیدراڵی کە بەگوێرەی سیاسەتی لێکگەییشتن و گفتوگۆی بنیاتنەر و کراوەیی و نیازی دڵسۆزانە بۆ چارەسەری مشسۆگەری کردووە.

ڕوونیشی کردەوە، "ئەو ڕێککەوتنە ڕۆڵی ھەیە لە پاراستنی سەروەت و سامان، بە پێچەوانەی جاران کە بەشێک لە داهاتی هەرێم بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە دەچووە سەر حیسابی کۆمپانیاکان و ئیدی گەلەکەمان لە کوردستان و تەواوی دەوڵەتی عێراق سودیان لێ وەرنەدەگرت، ئێستاش ئەو داهاتانە دەگەڕێنەوە بۆ ناو سندوقی فیدرالی.

ئاماژەی بەوەشکرد، "لە بودجەی ساڵی 2023 دا، هەژمارەکە بەردەست دەبێت، ئەکاونتەکە بۆ ڕای گشتی لە هەرێم ڕادەگەیەنرێت، بۆ ئەوەی لاپەڕەی گرژییەکان دابخرێت کە بۆ چەند ساڵێکە درێژەی هەیەو ببوەهۆی ناسەقامگیری لە ئاستی سیاسی و ئەمنی و ئابووری دا.

ئەلشەمەری وتووشیەتی: بۆ یەکەمجارە لەدوای ساڵی 2003ەوە ئەم حکومەتە دەستپێشخەری دەکات و ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە لە نێوان خۆی و حکومەتی هەرێمدا بەدەست دەهێنێت، بە مەرجی ئەوەی داهاتی نەوتی هەرێم بخرێتە ئەکاونتێکی کراوە و ڕوون و لەلایەن حکومەتی ناوەندی و دیوانی وردبینی و کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی، سەرپەرشتی بکات و هەر حسابێکی لاوەکی یان نەبینراو دادبخرێت.

جەختی لەوهش کردەوه که "سەرجەم گرێبەستەکان بەشێوەیەکی گشتگیر پێداچوونەوەو وردبینییان بۆ دەکرێت، هەموویان ملکەچی فەرمانگەی چاودێری دارایی دەبن.وتیشی: "بۆ هەر بەرمیلێک ١١- ١٥ دۆلار دەگەڕێتەوە سەر هەژماری بانکیی کۆمپانیای سۆمۆ کە پێشتر هەرێمی کوردستان ئەو پارەیەی دەدایە کۆمپانیاکان.

سەرپەیڤ