ئادار 19, 2023 23:39 Asia/Tehran
  • لەماوەی داهاتوودا گۆڕانکاریەکان لە کابینەی عێراق دەست پێ دەکەن

ئەندامێکی هاوپەیمانیی فەتح لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بەپێی ئەو هەڵسەنگاندنانەی کە لەلایەن لیژنە تایبەتمەندەکانەوە ئامادەکراون، هەنگاو بەرەو گۆڕانکاری لە کابینەی حکومەتەکەی «محەمەد شیاع سودانی» دەنێین، لەماوەی داهاتودا گۆڕانکاریەکان دەستپێدەکەن.

بە پێی ڕاپۆرتی میدیاکانی عێراق،«محەمەد بەلەداوی» ئەندامی هاوپەیمانیی فەتح رایگەیاند، وەزارەت هەیە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتیان کەمتەرخەم بووە و وەک پێویستە خزمەتگوزاریی پێشکەش نەکردووە، هەنگاوەکانی حکومەتیش تا ئێستا بە جددی و کردەوەی دروست تایبەتمەند بووە، بۆیە پێویستمان بە یەکگرتوویی هەموو وەزارەتەکانە لە ئەنجامدانی کارەکانی حکومەت هەیە.

وتیشی، "پرسی گۆڕانکاری لە کابینەی حکومەتەکەی سودانی ئەرێنی دەبێت، چونکە بەپێی پێوەر و خەمڵاندنەکانی پسپۆڕان بنیات دەنرێت بۆ بەردەوامبون لە کارەکانی حکومەت بەبێ دواخستن، سودانیش بە شێوەیەکی شەخسی سەرپەرشتیی ئەندامانی لیژنەکانی هەڵسەنگاندنی سەرجەم وەزارەتەکان دەکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، "هیچ ناڕەزایەتییەک لەلایەن کوتلە سیاسییەکانەوە نییە سەبارەت بە ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە هەندێک وەزیردا، چونکە کاری وەزیرەکان تەواوکەری کاری سودانیە، سەرکەوتنیش بۆ هەردوکیان دەگەڕێتەوە".

لەلای خۆشیەوە، «سالم تەحیمر تەفیلی» ئەندامی رەوتی حیکمەتی نیشتیمانی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، «سودانی» ماوەیەکی بۆ وەزیرو بەڕێوەبەرە گشتییەکان و بریکارەکان دیاری کردووە و سەرجەمیشیان لە ژێر چاودێریی پەرلەماندان، لە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانەوە تا سەرجەم کاربەدەستانی دیکە لە ڕێگەی لیژنە پێکهێنراوەکانەوە چاودێری دەکرێن و هەر کەمتەرخەمییەک هەبێت، رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

سەرپەیڤ