ئادار 27, 2023 14:58 Asia/Tehran
  • پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکانی پەسەند کرد

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەم وڵاتەی پەسەند کرد، کە ئەمەش بە واتای گەڕانەوە بۆ یاسای ساڵی 2018 و کارنامەی هەڵبژاردن پێش ناڕەزایەتییەکانی مانگی ئۆکتۆبەرە.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەرمیی حکومەتی عێراق "واع"؛ بنکەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی ئەم وڵاتە لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی کرد: "ئەمڕۆ دووشەممە، ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی دا بە یاسای هەمواری سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەران و یاسای هەڵبژاردنی پارێزگا و ناوچەکانی ژمارە ١٢ بۆ ساڵی ٢٠١٨ .

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە؛ بەشێک لە پارتە سیاسییە بچووکەکان و نوێنەرانی سەربەخۆ دژایەتیان کردووە، چونکە ئەم چاکسازییە لە بەرژەوەندیی دەسەڵاتدار و لایەنە گەورەکاندایە.

ئەم یاسای هەموارکردنە گەڕانەوەیە بۆ یاسای هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨، کە لەلایەن بزوتنەوە ناڕەزامەندەکانی ناسراو بە ئۆکتۆبەرییەکانەوە لە پاییزی ٢٠١٩ بە خۆپیشاندانی سەر شەقامەکان ڕەتکرایەوە.

لەو کاتەدا خۆپیشاندەران سەرکەوتوو بوون لە دەرکردنی یاسایەکی نوێی هەڵبژاردن کە ڕێگەی بە کاندیدە سەربەخۆکان دەدا سەرکەوتن بەدەست بهێنن؛ وەک چۆن سەربەخۆکان لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢١دا توانیان نزیکەی ٧٠ کورسی لە کۆی ٣٢٩ کورسی بەدەستبهێنن.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە سیستەمی هەڵبژاردنی عێراق لەسەر بنەمای سیستەمی هەڵبژاردنی «سانت لیگۆ»یە. ئەم میکانیزمەی هەڵبژاردن پشتی بە دابەشکردنی دەنگەکانی لیستی هەڵبژاردنەکان لەسەر ڕێژە جێگیرەکان بەستووە - کە ژمارەی تاقە لەوانە ١، ٣، ٥، ٧، ٩، ١١ .

عێراق لە ساڵی ٢٠١٣ ەوە بۆ یەکەمجار لە کاتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارو گوندەکاندا ئەم سیستەمەی جێبەجێ کرد و ڕێژەکەی لەو هەڵبژاردنەدا ١.٩ بوو، کە دەوترێت وایکردووە ھەتا گروپی هەڵبژاردنی نووری مالیکی سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق زۆربەی کورسیی ئەنجومەنەکان لەسەر ئاستی عێراق بەدەست بهێنێ و پشکی گروپە بچووکەکانی هەڵبژاردن زۆر سنووردار بکرێت.

سەرپەیڤ