نیسان 08, 2023 16:06 Asia/Tehran
  • عێراق بەردەوامیی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر فڕۆکەخانەی سلێمانیی شەرمەزار کرد

نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق وێڕای ئیدانەکردنی بەردەوامیی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، داوای قبوڵکردنی بەرپرسیارێتی و لێوردنخوازیی فەرمیی ئەنقەرەی کرد.

ڕۆژی هەینی کەناڵی هەواڵدەریی «ڕووداو» هەواڵی تەقینەوەیەکی لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بڵاوکردەوە؛ بەشێک لە سەرچاوە هەواڵییەکانی ھەرێمی کورستانی عێراقیش بە گێڕانەوە لە سەرچاوە خۆجێییەکان ڕایانگەیاندووە کە، تەقینەوەکە بەهۆی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بووە.

هێرشەکە دوای ئەوە ڕوویدا کە تورکیا ئاسمانی خۆی بەڕووی ئەو فڕۆکانەدا داخست کە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە دەفڕن؛ ئەنقەرە هۆکاری ئەم بڕیارەی بۆ پەرەسەندنی ژمارەی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا (پەکەکە) لە ھەرێمی کوردستان گەڕاندبووەوە.

سەرچاوەکانی هەواڵ بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەم هێرشە  هاوکات لەگەڵ کۆتایی ھاتنی دیداری «مەزلوم کۆبانی» فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات ناسراو(ھەسەدە) لەگەڵ فەرماندەکانی هاوپەیمانیی ئەمریکا ئەنجامی گرتووە.

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە مەبەست لەم هێرشە  تیرۆرکردنی «مەزلوم کۆبانی» بووە، کە ھەڵبەت لەو ڕووداوە ڕزگاری بووە.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵدەریی فەرمیی حکومەتی عێراق "واع"، نووسینگەی سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ (شەممە) بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند،

ئێمە ھاوکات لەگەڵ ئەوەی کە ئیدانەی ئەم کردەوە ناڕەوایە دژ بە عێراق و سەروەرییەکەی دەکەین، جەختیش لەوە دەکەینەوە کە هیچ پاساوێکی یاسایی نییە بۆ ئەوەی هێزەکانی تورکیا بەردەوام بن لەتۆقاندنی خەڵکی مەدەنی بە بیانوی بوونی هێزی دژ بەئەوان لە خاکی عێراقدا.

سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق هۆشداریی بە تورکیاش داوەو ڕایگەیاندووە کە، ئەگەر ئەم جۆرە هێرشانە دوبارە بکرێنەوە، هەڵوێستێکی توند وەردەگرین بۆ ڕێگریکردن لە دوبارەبونەوەی لە داهاتوودا.

نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق ھەروەھا داوای قبوڵکردنی بەرپرسیارێتی و لێوردنخوازیی فەرمیی ئەنقەرەی کرد.

سەرپەیڤ