نیسان 12, 2023 19:59 Asia/Tehran
  • بەغدا: عێراق هەمیشە پاڵپشتیی گەڕانەوەی سوریا بۆ ئامێزی عەرەبەکان دەکات

دوابەدوای داخوازیی ئەمینداریەتی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداوی فارس بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لەسەر بابەتی گەڕانەوەی سوریا بۆ ناو کۆمکاری عەرەبی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی پشتیوانیی لەم ڕووداوە دەکات.

ڕۆژی سێشەممە، ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداوی فارس خوازیاری پێکھاتنی کۆبوونەوەیەک بوو بۆ لێکۆڵینەوە لە ئەگەری گەڕانەوەی سووریا بۆ نێو کۆمکاری عەرەبی.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی کەناڵی ڕووسیا ئەلیەوم ڕۆژی چوارشەممە، "ئەحمەد ئەلسەحاف" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە لێدوانێکدا سەبارەت بەم بابەتە وتی: "عێراق لە ڕابردوودا پشتیوانیی لە پرسی گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی کردووەو بەردەوامیش دەبێت لە پشتگیریکردنی ئەم بابەتە.

ئەلسەحاف جەختی لەوەش کردەوە کە: لێکنزیکبوونەوەی عەرەب ڕووداوێکی ئەرێنییە و دەرئەنجامی ئەرێنی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەمەڕ بەشداریی وڵاتەکەی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداوی فارس سەبارەت بە سووریا وتیشی: پرسی بەشداریی بەغدا لەم دانیشتنەدا هێشتا لە ژێر تاوتوێدایە.

ئەمەو لەلایەکی دیکەوە، «بەشار ئەسەد» سەرۆککۆماری سوریا لەم دواییانەدا لە یەکەم گەشتی خۆیدا بۆ وڵاتانی عەرەبی لە دوای دەستپێکردنی شەڕی سوریا لە ساڵی ٢٠١١ و بە لەبەرچاوگرتنی هەوڵە ناوچەییەکان بەمەبەستی گەڕانەوەی سوریا بۆ وڵاتانی عەرەبی، سەردانی عومان و ئیماراتی کرد.

سەرپەیڤ