نیسان 15, 2023 16:11 Asia/Tehran
  • سوودانی: بەڕێزەوە یادی تاوانەکانی ئەنفال لە دژی ھاوڵاتیانی کوردی خۆشەویستمان دەکەینەوە

محەمەد شیاع سوودانی لە یادی شاڵاوەکانی ئەنفال دژبە کوردانی عێراق، پەیامێکی بەهەر سێ زمانی عەرەبی، کوردی و ئینگلیزی بڵاوکردەوەو جەختی کرد: بەڕێزەوە یادی تاوانەکانی ئەنفال لە دژی ھاوڵاتیانی کوردی خۆشەویستمان دەکەینەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ھەواڵدەریی ئانادۆلۆ، «محەمەد شیاع سودانی» سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ساڵیادی شاڵاوەکانی ڕژێمی سەددام لە ژیر ناوی «ئەنفال» دژبە کوردانی عێراق،رایگەیاند: ئەنفال قێزەونترین ستەم و تاوانە کە رژێمی بەعس دژبە کورد ئەنجامی دا کە هیچ رژێمێک تاوانی بەم شێوەیە لەو پەڕی رق وکینە و رەگەزپەستی دا لە دژی هاووڵاتییانی خۆی ئەنجام نادات.

سوودانی راشیگەیاندووە، تاوانباران سزای خودایی و یاسایی خۆیان وەرگرت و بەرگی شەرمەزارییان بۆ هەتا هەتایە بە بەردا بڕا، بەڵام بەهۆی ئەو تاوانە کۆمەڵکوژییە دژبە مرۆڤایەتییەوە هێشتا ئازار و حەسرەت لەناو دڵ و دەروونماندا وەک خۆی ماوەتەوە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ھێنانەئارای ئەمەی کە، گەلەکەمان هەموو پێکەوە شەڕی دیکتاتۆرییەتی کرد و بۆ هەمیشە لەگۆڕی نا، وتیشی: هەموو ئەوانەشمان لە گۆڕنا کە هەڵگری گوتاری هاندان و جیاکاری و دروستکردنی جیاوازیی و دووبەرەکی بوون. گەلەکەمان کە لە تاوانەکانی ئەنفال و جینۆساید و ستەم و بێ مافکردن رزگاری بووە و لە دژی ستەمکاری خەباتی کردووە و کاروانی شەهیدانی لەسەر رێگای ئازادی کردووەتە قوربانی، لە ئێستادا ئیرادەی خۆی بۆ بنیاتنانی ئایندەیەکی ئارام  کە تێیدا هەموو عێراقییەکان بە رێزو شکۆمەندییەوە لە خاکەکەیاندا بژین، دەرخستووە.          

سەرپەیڤ