نیسان 22, 2023 17:22 Asia/Tehran
  • فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی لە عێراق داکەوت

سەرچاوەیەکی میدیایی باسی تێکشکێندرانی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سیخوڕیی ئەمریکای کرد لە پارێزگای کەرکوکی عێراق.

کەناڵی تەلەگرامیی سابرین نیوز لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سیخوڕیی ئەمریکی لە چەشنی «MQ1 gray» لە باشووری پارێزگای کەرکوک (باکوری عێراق) بە موشەکێکی زەوی بۆ ئاسمان خرایە خوارەوە.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە، ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانە خەریکی بەجێ ھێنانی ئەرکێکی ناس کردن و سیخوڕی بووە لە ناوچەی ئامرلی و ئەلدوز کە خراوەتە خوارەوەو هێشتا وردەکارییەکانی ئەم ڕووداوە و ئەنجامدەرانی بڵاونەکراونەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە سوپای ئەمریکا پشتێنەیەکی ئەمنییان لە دەوروبەری ناوچەی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە دروستکرد بۆ کۆکردنەوەی پاشماوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە.

هاوپەیمانیی ئەمریکی لە بەیاننامەیەکدا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانە پاڵپشتیی هێزە ئەمنییەکانی عێراقی کردووە، کە بەهۆی تەگەرەیەکی تەکنیکییەوە لە باشووری کەرکوک کەوتووەتە خوارەوە.

بەگوێرەی بەیاننامەکە، هێزەکانی هاوپەیمانیی ئەمریکا بە تەقینەوەیەکی کۆنترۆڵکراو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە داکەوتووەکەی تێکشکاندووە.

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە له هەواڵێکی تردا، باسی گەشتی ئاسمانیی دەگمەنی فڕۆکه بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکا به ئاسمانی پایتەختی عێراق  کراوه .

سەرپەیڤ