May 04, 2023 11:18 Asia/Tehran
  • رێککه‌وتننامه‌ی نێوان هه‌ولێرو به‌غدا تایبه‌ت به‌ نه‌وت گه‌یشتووه‌ته‌ قۆناغه‌کانی کۆتایی

وه‌زیری نه‌وتی عێراق رایگه‌یاندووە، به‌غداو هه‌ولێر له‌ ماوه‌یه‌کی کورتدا ورده‌کارییه‌کانی په‌یوه‌ست به‌ جێبه‌جێکردنی رێککه‌وتننامه‌ی هه‌نارده‌ کردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان بۆ ده‌ره‌وه‌ ته‌واو ده‌که‌ن، هاوکات ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات، تورکیا له‌ ئێستادا سه‌رقاڵی چاککردنه‌وه‌ی بۆری نه‌وتی به‌نده‌ری جه‌یهانه‌ که‌ نه‌وتی عێراق و هه‌رێمی کوردستان پێیدا هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ ده‌کرێت.

«حه‌یان عه‌بدولغه‌نی» وه‌زیری نه‌وتی عێراق له‌ میانی به‌شداریکردنی له‌ «کۆڕبه‌ندی عێراق له‌پێناو سه‌قامگیری و بووژانه‌وه‌» که‌ کاره‌کانی له‌ به‌غدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، دووپاتیکرده‌وه‌، رێککه‌وتننامه‌ی نێوان به‌غداو هه‌ولێر سه‌باره‌ت به‌نه‌وت گه‌یشتووه‌ته‌ قۆناغه‌کانی کۆتایی و له‌ئێستادا کار له‌سه‌ر یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی ورده‌کارییه‌کانی ناو رێککه‌وتننامه‌که‌ ده‌کرێت که‌ ئه‌وپه‌ڕی تا دوو هه‌فته‌ی دیکه‌ ده‌خایه‌نێت.

وه‌زیری نه‌وتی عێراق روونیشیکرده‌وه‌، زانیارییه‌کان له‌ تورکیاوه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ بۆرییه‌کانی نه‌وتی عێراق بۆ به‌نده‌ری جه‌یهان له‌ژێر چاککردنه‌وه‌ و پشکنیندان، که‌ ئه‌مه‌ش له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی عێراقه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دڵۆپه‌ نه‌وتێکی به‌فیڕۆ نه‌چێت.

سەرپەیڤ