ئەندامێکی فراکسیۆنی سادقون: حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە بە قاچاخ بردنی نەوتەکەی بۆ دەرەوەی وڵات
ئەندامێکی فراکسیۆنی سادقون لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، باسی بەردەوامیی پڕۆسەی بەقاچاخ بردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوەی وڵاتی کرد.
«زۆهرە حەمزە ئەلبجاری» لە وتووێژێکدا بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە بەقاچاخبردنی نەوت بۆ دەرەوەی وڵات دوای بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانیی پاریس سەبارەت بە پێویستیی هەناردەکرانی نەوتی ھەرێم لە ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی "سومۆ"ی عێراقەوە، بانگەشەی ئەوەی کرد کە، هەولێر حوکمەکەی ئەو دادگایەو بڕیارەکانی حکومەتی فیدراڵی پەیڕەو ناکات.
«ئەلبجاری» ئاماژەی بەوەشکرد: حکومەتی هەرێمی کوردستان شێوازی جۆربەجۆرو جیاواز لە ڕابردوو بەکاردەهێنێت لەمەڕ بەقاچاخبردنی نەوت بۆ دەرەوەی وڵات.
هاوکات «حەیان عەبدولغەنی» وەزیری نەوتی عێراقیش ڕایگەیاندووە: وڵاتەکەی بە ھیوایە لە ماوەی دوو حەوتەدا لەگەڵ هەولێر سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بگەنە ڕێککەوتن.
جێگای ئاماژەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر هەناردەکردنی نەوتەکەی لە ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی «سۆمۆ»وە.