هاوکاریی نێوان عێراق و سوریا بۆ پاراستنی سنوورەکان لە بەرامبەر تیرۆریستان
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق پشتیوانیی بەغدای بۆ پڕۆسەی ئاشتیی ناوخۆی سوریا و هاوکاری لەگەڵ دیمەشق بۆ پاراستنی سنوورەکان ڕاگەیاند.
«ئەحمەد ئەلسەحاف» وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند: وڵاتەکەی پاڵپشتی لە پرۆسەی بەدیهێنانی ئاشتیی ناوخۆی سوریاو هەموو دانوستانەکان لەو بارەیەوە دەکات و عێراق و سوریا پێکەوە کاردەکەن بۆ بەهێزکردنی هەوڵە دوو قۆڵییەکان لە ئاراستەی پاراستنی سنوورە هاوبەشەکان و ڕێگریکردن لە دزەکردنی تیرۆریستان، هەروەها لە ڕووی ئاڵوگۆڕی زانیاری سەبارەت بە ئاسایش و سەقامگیریی سنوورەکانیشەوە پێکەوە هاوکاری دەکەن.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕاشیگەیاند: هەڵوێستی بەغدا سەبارەت بە قەیرانی سوریا ڕوون و پرەنسیپییە. عێراق دەیەوێت قەیرانی سوریا بە ڕێگەچارەی سیاسی چارەسەر بکرێت نەک چارەسەریی سەربازی، عێراق پاڵپشتی لە بەردەوامیی ڕاوێژی سیاسی و هەماهەنگیی هەڵوێستەکان لەگەڵ سوریا دەکات سەبارەت بە پێشهاتە جۆراوجۆرەکانی ناوچەکە و جیهان.
لە ئێستادا گەشتەکەی میقداد بۆ بەغدا لەسەر بانگهێشتی هاوتا عێراقییەکەی «فۆئاد حسێن» ئەنجام دراوە.