حوزه‌یران 11, 2023 19:16 Asia/Tehran

ئەندامێکی کۆمیسیۆنی کارەبا و وزەی پەرلەمانی عێراق، دانەوەی قەرزەکانی ئێرانی بە هەنگاوێکی ئەرێنی وەسفکرد و ڕاشیگەیاند: بەم نزیکانە لە بودجەی نوێ قەرزە دواکەوتووەکانی ئێران دەدرێتەوە.

«عادل کەریم» وەزیری کارەبای عێراق پێشتر بە سەرۆکایەتیی شاندێکی وەزاری سەردانی ئێرانی کردبوو بۆ تاوتوێکردنی پرسی هەناردەکردنی غاز بۆ وێستگەکانی کارەبای عێراق و "دانەوەی قەرزەکانی"  کەرتی کارەبا و نەوتی ئێران.

"سوھەیلە سوڵتانی"، ئەندامی کۆمیسیۆنی کارەبا و وزەی عێراق، ڕۆژی یەکشەممە جەختی لەوە کردەوە کە بڕیاری دانەوەی ئەو بڕە پارانەی کە لە قەرزی غازی حکومەتی عێراق بە ئێران ماونەتەوە، شتێکی باشە و ڕۆڵی دەبێت لە چارەسەرکردنی قەیرانی غازی عێراق دا، چونکە زۆربەی وێستگەکانی کارەبای عێراق بە غازی ئێران کاردەکەن و غازی ناوخۆی عێراق تەنها لە دابینی 5%ی سووتەمەنیی وێستگەکانی کارەبا دەکات.

ئەندامی کۆمسیۆنی کارەبا و وزەی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، وا ھەڵدەگرێ عێراق قەرزە دواخراوەکانی سێ ساڵی ڕابردوو بداتەوە. ئەمە بڕە پارەیەکی زۆرە کە لە بودجەی نوێدا گەرەنتی کراوە و بەم نزیکانە دەچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.

ڕۆژی شەممە «یەحیا ئالی ئیسحاق» سەرۆکی ژووری بازرگانیی هاوبەشی ئێران و عێراق ڕایگەیاند، بەپێی ئەو زانیاریانەی لەبەردەستدان، دوو ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دۆلار لە قەرزی ئەو وڵاتە دراوەتە بە ئێران.

«یەحیا ئالی ئیسحاق» بە ئاماژەدان بە ئازادکردنی دوو ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دۆلار لە سامان و دارایی ئێران لە عێراق، وتیشی: بەشێک لە سەرچاوە بلۆککراوەکانی ئێران لەم وڵاتەدا بۆ پێداویستییەکانی حاجیانی حەججی تەمەتوع تەرخان کراوە و بەشێکی دیکەش بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان بەکارهاتووە.

سەرپەیڤ