نوری مالیکی: پێویستە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەزوویی بەڕێوەبچێت
نوری مالیكی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، پێویستە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان چیتر دوانەکەوێت و بەپێی یاسا و دەستوری عێراق بەڕێوەبچێت.
نووسینگەی نوری مالیکی، سەرۆکی دەوڵەتی یاسا راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بە کۆبونەوەیەکی نوری مالکی و بافڵ تاڵەبانی کردووە و نووسیویەتی"لە کۆوبونەوەکەدا باس لە دواین گۆڕانکارییەکان و رەوشی هەرێم و عێراق کراوە و تیایدا نوری مالکی وتویەتی، پێویستە هەڵبژاردنەکانی کوردستان دوانەخرێت و بەپێی یاسا و دەستوری عێراق ئەنجامبدرێت".
قسەکانی مالکی لەسەر هەڵبژاردنەکانی هەرێم دوای ئەوەدێت کە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش بڵاوی کردەوە، لە کۆبونەوەی سودانی و بافڵ تاڵەبانییدا سەرۆک وەزیرانی عێراق وتویەتی، پێویستە هەرچی زووە هەڵبژاردنەکانی هەرێم بەرێوەبچێت.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان نزیکەی نۆ مانگە لە ماوەی یاسایی خۆی تێپەڕبووە و هەریەک لە ئەمریکا و هاوپەیمانان و عێراقیش فشارێکی زۆریان خستوەتەسەر یەکێتی و پارتی بۆ ئەوەی چیتر هەڵبژاردن دوانەخەن.