ته‌مووز 30, 2023 18:47 Asia/Tehran
  • فۆرين پۆلیسی: گۆڕانی كەشوهەوا مەترسی بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق دروستكردووە

گۆڤاری "فۆرین پۆلیسی"ی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا بەناونیشانی " وشکەساڵی لانکەی شارستانییەتەکان دەخوات و کاری ژینگەییش باجی خۆی هەیە" بڵاوکردۆتەوە و تێیدا باسی کاریگەرییە مەترسیدارەکانی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لەسەر ئایندەی ژینگەی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە.

لەسەرەتای راپۆرتەکەدا رۆژنامەکە بەسەرهاتی هاوڵاتییەکی شاری سلێمانیی دەگێڕێتەوە کە چۆن دوای چەندین ساڵ گەڕانەوە لە دەرەوەی وڵات، تێبینی کردووە جیاوازییەکی گەورە لە ژینگەی شارەکەیدا روویداوە، بەشێوەیەک بەشێک لە درەخت و باڵندەکانی شارەکە نەماون و ڕووباری سەرچناریش چیتر لە هاویناندا ئاوی پێدا ناروات، ئەمەش تووشی خەمێکی قوڵی کردووە و پاڵی پێوەناوە ڕوو بکاتە کارکردن لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی بواری ژینگە.

لەوبارەیەوە، چالاکێکی عێراقی کە لە بواری ژینگە و مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی "پارێزەرانی دیجلە بۆ پارێزگاریی لە ئاو" كاردەكات دەڵێت: 42 ملیۆن کەسی عێراق هەست بە کاردانەوەی گۆڕانی کەشوهەوا دەکەن، لە وشکەساڵی و زریانی خۆڵەوە، لە وڵاتێکدا کە بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەڕیزی پێنج وڵاتی زۆرترین کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوادایە.

گۆڤارەکە دەڵێت: کەش و هەوای عێراق هاوینییە، زۆر گەرم و وشکە، ئەمەش وایکردووە پرسی باران و بەفر لە زستاندا گرنگ بێت بۆ دابینکردنی ئاوی ملیۆنان کەس، لە ماوەی سێ مانگی سەرەتای ساڵی2022دا، لەسەدا98ی خێزانە عێراقییەکان لەو ناوچانەدا ژیاون کە باران بارینی کەمبووە.

لەپاڵ ئەمانەشدا پیسبوون کێشەیەکی دیکە بۆ ئەو کێشە ژینگەییانەی عێراق زیاد دەکات کە عێراق بەدەستیەوە دەناڵێنێت. وەک ئەوەی رووباری تانجەڕۆ کە دەکەوێتە باشووری شاری سلێمانی،  بە ئاوەڕۆ و پاککەرەوە و ڕۆن و کانزا قورسەکانی کارگە و زبڵدان و پاڵاوگەکان پیس بووە، ئاوە پیسەکە بەرەو خوارەوە دەڕژێتە ناو بەنداوی دەربەندیخان کە ئاوی خواردنەوە بۆ نزیکەی850 هەزار کەس دابین دەکات.

 

 

سەرپەیڤ