ئاب 15, 2023 16:32 Asia/Tehran
  • راوێژکارێكی سودانی: وەبەرهێنانی گەورە چاوەڕێی عێڕاق دەكات

محەمەد نەجار راوێژکاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وەبەرهێنان رایدەگەیەنێت، سندوقی عێراقی بۆ گەشەپێدان هەنگاوێکی کارایە لەپێناو دامەزراندنی بنەمایەکی گەشەپێدانی راستەقینە و دەشڵێت، "لەئێستادا عێراق پێویستی بە چوار ملیۆن یەكەی نیشتەجێبون هەیە".

محەمەد نەجار، لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی سەباح رایگەیاند، "لەچوارچێوەی سندوقی گەشەپێدانی عێراقیدا، پێداویستییە راستەقینەکان لە ماوەی دیاریکراوی خۆیاندا دابیندەكرێن، بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەو پرۆژانەی کە لەڕێگەی ئەو سندوقەوە جێبەجێدەكرێن، بە سودمەندبون لەو ئاسانکارییانەی بۆ وەبەرهێنەران دابین دەکرێن، بەجۆرێك سەرجەم ئاستەنگ و بەربەستەكانی بەردەم پرۆژەكان لادەبرێن.

ئەو راوێژکارەی سودانی ئاماژەی بەوەشکرد، "بازاڕی کاری عێراق گەورەیە و دەتوانێت هەوڵە ناوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لەخۆبگرێت و خاوەنی توانای دارایی و تەکنەلۆجیای پێشکەوتوە، بەو پێیەی ئەو کۆمپانیایانەی تایبەتمەندیی پێویستییان نەبێت، ناتوانن لە وڵاتدا کاربکەن و بچنە نێو بازاڕی کارەوە".

محەمەد نەجار وتیشی "وڵات لە کەرتی نیشتەجێبوندا پێویستی بە نزیکەی چوار ملیۆن یەکەی نیشتەجێبون هەیە لە شارە جیاوازەکاندا، ئەم ژمارەیەش ساڵانە لەگەڵ زیادبونی ژمارەی دانیشتوانی وڵات زیاد دەکات، دەتوانین قەبارەی کارەکانی پێویست لە کەرتی خانوبەرە و ئەو کەرتانەی پشتگیری دەکەن بخەینە بەرچاومان، بەڵام کاتێک دەچینە سەر کەرتەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری، بۆمان دەردەکەوێت پێویستییان بە هاوبەشیی نێودەوڵەتی کاریگەر هەیە کە قورسایی خۆیان لە عێراقدا هەبێت، بەو پێیەی فراوانن و نوێنەرایەتی هەلیکارێکی نوێبوەوە و جێبەجێکراو دەکەن لەهەمو مامەڵە ئابورییەکانی وڵاتدا".

ئاماژەی بەوەشکرد، "وەبەرهێنانی گەورە چاوەڕێی وڵات دەكات، بەو پێیەی عێراق بەرەو بەهێزکردن و زۆرکردنی بەرهەمی نیشتمانی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە بازاڕی نێودەوڵەتی هەنگاو دەنێت بە مەبەستی دابینکردنی پێداویستیی وڵات بۆ شتومەک و کاڵا جۆراوجۆرەکان لەپێناو فەراهەمهێنانی هاوسەنگی لە بازاڕدا".

وتیشی، "حکومەت لەپێناو فەراهەمهێنانی ژینگەیەکی گونجاودا کاردەکات بە مەبەستی گەڕانەوەی هێزی کاری عێراقیی بەهرەمەند کە پەنابەر و دانیشتوی وڵاتانی دەرەوەن، تاوەکو رۆڵبگێڕن لە پەرەپێدانی چالاکییە خزمەتگوزاری و وەبەرهێنانەکانی وڵاتدا"

لە لایەکی دیکەوە، عەبدولڕەزاق زوهێری سەرۆکی فیدراسیۆنی ژورە بازرگانییەکانی عێراق، باسی لە گرنگیی سندوقی گەشەپێدانی عێراقی  کرد و لەو بارەیەوە وتی، "ئەم سندوقە شۆڕشێک لە بازاڕی کاری نیشتمانییدا بەرپادەکات".

عەبدوڕەزاق زوهێری راشیگەیاند، "سندوقەکە کاردەکات تاوەکو بازاڕی کار لە وڵاتدا بگوازێتەوە بۆ ئاستێکی بەرزی بێ پێشینە، بەو پێیەی هەوڵە ناوخۆییەکان و هەوڵی وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی و ناوچەیی لە پڕۆژەکان لە هەمو کەرتەکاندا، بەگەڕدەخات".

سەرۆکی فیدراسیۆنی ژورە بازرگانییەکانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، "سندوقی عێراق بۆ گەشەپێدان قەبارەیەکی زۆری وەبەرهێنان لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، بە تەکنەلۆجیا پێشکەوتوەکانی و سەرمایە گەورەکانی و ئەمەش کات و هەوڵی زۆری لایەنەکان دەگەڕێنێتەوە".

 

 

 

سەرپەیڤ