ئه‌یلوول 01, 2023 13:03 Asia/Tehran
  • سیاسەتمەدارێك: دەوڵەتی تورکیا لە عێراق پلانی هەیە و نایەوێت هێزەكانی بكشێنێتەوە

سیاسەتمەدارێكی عێراق دەڵێت: دوای سەردانی بەرپرسانی توركیا بۆ عێراق، ئەنقەرە هەوڵی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا دەدەن، دەشڵێت: توركیا لە عێراق پلانی هەیە و نایەوێت هێزەكانی بكشێنێتەوە.

فەلاح مەشعەل ڕاگەیاند، هێزە سەربازییەكانی دەوڵەتی توركیا بە قوڵایی زیاتر لە ٨٠ كیلۆمەتر لە ناو خاكی عێراقدایە، فڕۆكەكانیشی خاكی عێراق بە هەرێمیشەوە بۆردوومان دەكەن، ئەمەش پشتڕاستی دەكاتەوە كە توركیا لە عێراق ناكشێتەوە و پڕۆژەی داهاتووی هەیە.

ئاماژەی بەوەش كرد، توركیا لە ڕێگەی دروستكردنی قەیرانی ناوخۆ لە نێوان پێكهاتەكاندا و بە بیانووی پاراستنی توركمان پلانی هەیە پارێزگاری كەركووك كۆنتڕۆڵ بكات، دەشڵێت، پێویستە عێراق مەرجی كشانەوەی هێزەكانی توركیا لە هەرێمی كوردستانی عێڕاق بخاتە بەردەم بەرپرسانی توركیا، بۆ ئەوەی جارێكی تر هاوڵاتیانی عێراق نەبنە قوربانی.

ڕوونیشی كردەوە، لایەنى سیاسی ناوخۆی عێراق هەیە، كە پەیوەندییان لەگەڵ حكومەتی ئەنقەرە هەیە، كار بۆ خۆشكردنی پەیوەندی نێوان عێراق و توركیا دەكەن، بۆ ئەوەی سوود بە بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی توركیا بگەیەنن.

بەگوێرەی لێدوانی سەرچاوە سیاسییە باڵاكان ، لە دوای چلەی ماتەمینی ئیمام حسێن (ع) پەرلەمانی عێراق ئامادەكاری دەكات بۆ دانیشتنێك سەبارەت بە تاوتوێكردنی پرسی دوورخستنەوەی هێزەكانی دەوڵەتی توركیا لە عێراق و هەرێمی كوردستانی عێڕاق.

دەسەڵاتدارانی عێراق بەردەوام ئیدانەی پێشێلكاری و هێرشە بەردەوامەكانی دەوڵەتی توركیا دەكەن، جگە لە داواكاری جەماوەری بۆ دەركردنی ئەو هێزانە.

جێگەی ئاماژەیە، دەوڵەتی توركیا ڕۆژانە بۆردومانی خاكی هەرێمی كوردستان و عێراق دەكات و هاوڵاتیانی مەدەنی دەكاتە ئامانج، جگە لەوە دەوڵەتی توركیا لە ڕێگەی گرتنەوەی پشكی ئاوی عێراقەوە زیانێكی گەورەی بە سەرجەم كەرتەكانی وڵات گەیاندووە، بەتایبەت كەرتی كشتوكاڵ.

 

سەرپەیڤ