تشرینی دووه‌م 21, 2024 19:03 Asia/Tehran
  • گۆڕانکاری لە کورسیه‌کانى په‌رله‌مانى عێراق‌ و هەرێم

بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان‌ و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق زانیاریى نوێی له‌باره‌ى ئه‌نجامه‌کانى سه‌رژمێرییه‌وه‌ ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند:"سەرژمێری کاریگەریی لەسەر ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیش دەبێت"، وتیشی: "هاوکات ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی عێراقیش دەگۆڕێت".

هاوڕێ تۆفیق بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان‌ و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق ئاشکرای کردوه‌، "ئەنجامی سەرژمێریی گشتیی، ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی عێراق دەگۆڕێت، لەبەر ئەوەی لە دەستوری عێراقدا هاتووە، بۆ هەر 100 هەزار هاوڵاتییەک، یەک کورسیی پەرلەمان دیاری دەکرێت".

ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌ش کردوه‌، "ئاماژەکان پێمان دەڵێن، ژمارەی دانیشتوانی عێراق نزیک دەبێتەوە لە 45 ملیۆن کەس، کەواتە به‌گوێره‌ى دەستوور، دەبێ 450 کورسیی پەرلەمانی بۆ دیاری بکرێت".

هاوڕێ تۆفیق ئه‌وه‌شى وت:"ئەگەر لە ماوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا، دەستووری تایبەت بە هەرێم نەنووسرێت‌ و دەنگی لەسەر نەدرێت، بێگومان دەبێت بەگوێرەی دەستووری عێراق، ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان بۆ شەش ملیۆن‌ و 700 هەزار کەس، بۆ نزیکەی 67 کورسی کەم بکرێنەوە، چوونکە دەستوورەکە بۆ هەر 100 هەزار دانیشتوو یەک کورسیی پەرلەمانی دیاری دەکات".

سەرپەیڤ