May 02, 2025 17:08 Asia/Tehran
  • قەدەغەکرانی چالاکیی گرووپە دژبەرەکانی ئێران لە خاکی عێراق

حکومەتی عێراق لە چوارچێوەی پێبەندبوون بە بەهێزکرانی پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، فەرمانی قەدەغەی بەتەواوەتی چالاکیی گرووپ و لایەنە دژبەرەکانی ئێرانی بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان دەرکرد.

بەپێی بەڵگە و سەنەدە فەرمییە بڵاوکراوەکان، حکومەتی عێراق بە دەرکردنی فەرمانێک لەلایەن ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و بە پشت ڕاست کرانەوەی نووسینگەی سەرۆک وەزیران، چالاکیی گرووپە دژبەرەکانی ئێران جێگیر لە خاکی ئەو وڵاتەی قەدەغە ڕاگەیاندووە.

بەپێی سەنەدە بڵاو کراوەکان، ئەو بڕیارە، داخرانی بنکەو بارەگاکانی ئەو گرووپانە و پێش گرتن بە هەرچەشنە چالاکیی سەربازی، میدیایی یان سیاسیی ئەوان بەتایبەت لە هەرێمی کوردستانی عێراق لەخۆ دەگرێ. هەروەها، بڕیار دراوە ڕێکخراو و دامەزراوە ئاسایشی و سەربازییەکان، ئیدارەی دەروازە سنورییەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێوشوێنی پێویست بۆ جێبەجێکرانی بەتەواوەتی ئەو فەرمانە، بگرنەبەر.

چاودێریی بەسەر ناوچە سنوریەکان بەتایبەت ناوچە شاخاوییەکان کە بەرلەوە شوێنی هاتووچۆی ژمارێک گرووپ و لایەن بوونە، چڕتر دەبێ. لەو سەنەدەدا جەخت کراوە لەسەر پێویستیی هاواهەنگیی زیاتری ئەمنیی نێوان بەغداو هەولێر بە مەبەستی جێبەجێکرانی بەتەواوەتی ئەو بڕیارە.

ئەو کارە بەئامانجی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، پێش گرتن بە شەڕ و پێکدادان لە کێشە ناوچەییەکان و بەهێزکرانی پەیوەندیی دوولایەنە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەنجامی گرتووە. ڕێککەوتننامەی هاوکاریی هاوبەشی ئاسایشیی ئێران و عێراق ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی "محەممەد شیاع سودانی" سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەلایەن "عەلی شەمخانی" سکرتێری ئەوکاتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و "قاسم ئەعرەجی" راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق واژۆ کرا.

ڕێککەوتنی دوو وڵات لەسەر ئامادەسازی و واژۆی ئەو ڕێککەوتننامە کە پرۆسەی ئامادەکرانی چەندمانگێکی خایاند، کارتێکەریی دیاری بووە لەسەر کەمکران و بەڕێوەبەرایەتی کێشەو گرفتە ئاسایشییە نەخوازراوەکانی نێوان دوو وڵات کە سەرچاوەکەشی شەڕەنگێزیی و ئاژاوەگێڕیی گرووپە دژبەرەکانی ئێرانە کە لە هەرێمی کوردستاندا جێگیرن.

سەرپەیڤ