توندبوونەوەی قەیران لە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر؛ لە پچڕاندنی مووچە هەتا گوشاری نێودەوڵەتی
هاوکات لەگەڵ واژۆکردنی گرێبەستی نوێی گازی لە نێوان کۆمپانیاکانی هەولێر و ئەمریکا، حکومەتی فیدراڵی عێراق پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی ڕاگرت، ئەم کارەش بووە هۆی توند بوونەوەی گرژییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر .
گرژییەکانی نێوان حکومەتی ناوەندی عێراق و هەرێمی کوردستان لەم دواییانەدا دوای سەردانەکەی مەسرور بازارانی بۆ واشنتۆن و واژۆکردنی چەند گرێبەستێکی نەوت و گاز لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان پەرەی سەند. قەیرانەکە نەک هەر گوشاری خستە سەر بژێوی سەدان هەزار فەرمانبەر لە هەرێمی کوردستاندا، بەڵکو بۆشاییە بنەڕەتییەکانی لە داڕشتی سیاسی عێراقیشی ئاشکرا کردووە. ناکۆکییە دێرینەکانی نێوان بەغدا و هەولێر کە لە ساڵی 2005 بە هیوای فیدراڵی بوون و بەشداری یەکسان دەستی پێکرد، ئێستا بووەتە قەیرانێکی نیشتمانی. جێبەجێنەکردنی بە تەواوی یاسای نەوت و گازی فیدراڵ، ڕاگرتنی یەک لە دوای یەکی دانی پشکی بودجەی هەرێم و ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە ساڵی ٢٠١٧دا هەموویان خاڵی وەرچەرخان بوون لەم گرژیانەدا. لە دوایین پێشهاتدا، سەردانەکەی ئەم دواییەی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ واشنتۆن و واژۆکردنی دوو گرێبەستی سەرمایە نانەوە لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ گەشەی ژێرخانی گاز، کاردانەوەی توندی حکومەتی ناوەندی بەغدای لێکەوتەوە. ماوەیەک لەمەوبەریش سەرچاوەکانی هەواڵ لە عێراق ڕایانگەیاند کە حکومەتی ناوەندی ئەو وڵاتە سکاڵایەک لە دادگای نێودەوڵەتی تۆمار کردووە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان. هاوکات پێشەوا هه ورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کاردانەوەیەکی ڕوون بە ناکۆکی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی بەغدا ڕایگەیاند، نابێت مووچەی فەرمانبەران ببێتە بارمتەی ناکۆکیە سیاسیەکان.