ئەعرەجی: بەغدا سورە لەسەر لە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق جەختی کردەوە کە بەغدا لە چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەران و هێزەکانی کەرتی گشتیی هەرێمی کوردستان جدییە.
“قاسم ئەعرەجی” ڕاوێژکاری ئاسایشی نیتشتمانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە وتی: “لەگەڵ سەرکردە و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەربارەی هەنگاوە ئەرێنییەکان کە عێراق بۆ دۆخی ئەمنی و سیاسی ناوچەکە گرتوویەتییە بەر، گفتوگۆم کرد. ئێمە جەخت دەکەینەوە کە دەبێت بۆ کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەپێی دەستوور و یاسا پەیوەندیدارەکان ڕێگەچارەکان دروست بکرێن.”
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی "شەفەق نیوز"ی عێراقی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق وتی: “حکومەتی ناوەندی بایەخێکی زۆر بەم بابەتە دەدات و ئێمەش سورین لەسەر چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە سەرووی ئەوانەوەیە، و لیژنەیەکی باڵای وەزارەتی لەمبارەیەوە پێکهێنراوە.”