سودانی ڕاسپارده‌کانی لیژنه‌ی که‌رکوک سه‌باره‌ت به تورکمانه‌کان په‌سه‌ند ده‌کات
به‌ره‌ی تورکمانی عێراقی ئه‌مڕۆ ڕایگه‌یاند، سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق ڕاسپارده‌کانی لیژنه‌ی که‌رکوکی سه‌باره‌ت به دۆخی ناحیه‌ی (پردێ) ئاڵتون کوپری په‌سه‌ندکردوه، سه‌باره‌ت به به‌هێزکردنی نوێنه‌رایه‌تی ئیداری پێکهاته‌ی تورکمان له‌و قه‌زایه.
محه‌مه‌د سه‌معان ئاغا سه‌رۆکی به‌ره‌ی تورکمانی له ڕاگه‌یه‌ندراوێکدا بڵاویکرده‌وه، "ئه‌و پۆستانه‌ی بۆ تورکمانه‌کان دیاریکراون له پردێ له چوارچێوه‌ی ئه‌و ڕاسپاردانه‌دا هاتون، بریتی بوون لە به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیس، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌وانیی تورکمان، جگه له دانانی فه‌رمانبه‌رێکی کارگێڕی تورکمان که ده‌سه‌ڵاتی کارگێڕی ته‌واوی له‌ناو قه‌زاکه‌دا هەیە".
سه‌رۆکی به‌ره‌ی تورکمانی ڕونیشیکرده‌وه، "ئه‌م هه‌نگاوه نوێنه‌رایه‌تی ڕاستکردنه‌وه‌ی هاوسه‌نگی ئیداری ده‌کات و وه‌ڵامێکی فه‌رمییه بۆ داواکارییه له‌مێژینه‌کانی به‌ره‌ی تورکمانی عێراقی بۆ زامنکردنی مافی تورکمان بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ناوچه مێژوییه‌کانیان".
ناوبراو جەختیشی کرد کە به‌ره‌ی تورکمانی به‌رده‌وام ده‌بێت له هه‌وڵه‌کانی بۆ داکۆکیکردن له مافه سیاسی و ئیداریه‌کانی تورکمان له سه‌رتاسه‌ری پارێزگای که‌رکوک، به‌تایبه‌تی له‌و ناوچانه‌ی که تورکمان زۆرینه‌ی دانیشتوان پێکده‌هێنن".