وەزیری دەرەوەی عێراق: لەگەڵ تورکیا، لەسەر پرسی ئاو ڕێککەوتین
وەزیری دەرەوەی عێراق وتی: لەگەڵ تورکیادا لەسەر بەردانەوەی ئاو بەرەو خوارەوەی رووبارەکانی فوڕات و دیجلە، ڕێککەوتووین.
"فواد حوسێن" لە دیمانەیەک لە لوکزامبورگ لەبارەی چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ بەرپرسانی ئوروپاو چوارەمین دانیشتنی ئەنجومەنی هاوکاریی یەکێتی ئوروپاو عێراق، وتی: تەوەری دانوستانەکانمان لەگەڵ بەرپرسانی ئەوروپی، دۆسییەکانی وزە، دیموکراسی، مافی مرۆڤ، تەندروستی، پرسە ئابوری و تیجارییەکان بوو.
وەزیری دەرەوەی عێراق وتیشی: ئێمە لەگەڵ ئوروپاییەکان لەسەر سوود وەرگرتن لە کێڵگەکانی گاز، چەند گرێبەستێکمان لەگەڵ کۆمپانیا ئوروپییەکان واژۆ کردووە کە بەم چەشنە لە داهاتوودا، عێراق دەتوانێ گاز هەڵێنجێ.
فواد حوسێن سەبارەت بە سەفەرەکانی بۆ تورکیاو دۆسییەی ئاو لەگەڵ ئەو وڵاتەدا، وتی: لە دانوستان لەگەڵ بەرپرسانی تورک، ئەوان ڕەزامەندییان دەربڕی کە لە پەنجا رۆژی داهاتوودا، ئاوی زیاتر بەرەو خوارەوەی ڕووبارەکانی دیجلەو فوڕات ڕەوانە بکەن.