دەسپێبوونی بێ دەنگیی هەڵبژاردن لە عێراق و ژماردنی پێچەوانە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی
پاش مانگێک بانگەشەی خەرجهەڵگری هەڵبژاردن، عێراق کاتژمێر ٧ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بێ دەنگیی هەڵبژاردنی دەسپێکرد.
گشت گرووپ ولایەنەکانی هەڵبژاردنی عێراق دواکەرەنەڤاڵ و کەمپەینەکانیان لەڕۆژانی رابردوودا بەڕێوەبرد هەتا بەم چەشنە ئەو وڵاتە لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممەوە بێ دەنگیی هەڵبژاردنیی دەسپێبکا و لەمەودوا هەمووان چاوەڕوانی بەڕێوەچوونی دەنگدان و ڕاگەیێندرانی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنن هەتا سەرکەوتنەکانی شەشەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق دیاریی بکرێ. بەپێی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق، بێ دەنگیی هەڵبژاردن لە کاتژمێر حەوتی سەرلەبەیانی ئەمڕۆوە دەس پێ بووەو هەتا کۆتایی دەنگدانی گشتی کە سێ شەممەی ئەم هەفتە بەڕێوە دەچێ، درێژەی هەیەو هەرچەشنە بانگەشەی هەڵبژاردن لەو ماوەدا بۆ بەربژێران و گرووپەکانی هەڵبژاردن، بەواتای پێشێلکردنی یاساوڕێساکانە. لیژنەی راگەیاندن و میدیا لە عێراق داوای لە هەموو بەربژێران و گرووپەکانی هەڵبژاردن کرد پێبەندی بێ دەنگیی هەڵبژاردن بن و خۆببوێرن لە پێشێلکردنی یاساوڕێساکان لەوماوەدا. کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراقیش ڕایگەیاند کە ژماری گشتیی بەربژارانی شەشەمین خولی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی عێراق حەوت هەزار و ٧٤٤ بەربژێرەو ٨٤٨ بەربژاری لە ململانێی هەڵبژاردنەکان وەلاناوە. "جومانە غەلای" وتەبێژی ئەو کۆمیسیۆنە ڕایگەیاند کە کۆمیسیۆن ڕێگەی داوە بە ٣٠٤ کەس هەتا وەک نوێنەری نووسینگەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمکاری عەرەب، یەکێتی ئوروپا و ژمارێک لە باڵوێزخانەکان و دەزگە پەیوەندیدارەکان، چاودێریی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان بکەن. پێ دەچێ سبەی یەکشەممە قۆناخی یەکەمی ئەو خولەی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق تایبەت بە هیزە ئاسایشی وسەربازییەکان، زیندانیان، نەخۆشانی نەخۆشخانەکان و ئاوارەکانی جێگیر لە کەمپەکان بەڕێوەبچێ کە بەپێی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان پتر لە یەک ملوێن و ٣١٣ هەزار دەنگدەر لە ٨٠٩ ناوەندی هەڵبژاردن، دەنگی خۆیان دەخەنەنێو سندوقەکان. دەنگدانی سەرتاسەریی عێراق رۆژی سێ شەممە بەڕێوە دەچێ و بەپێی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان هەتائێستا ٢١ ملوێن دەنگدەر، زانیاری و ناسنامەکانیان بۆ کۆمیسیۆن ناردووە بەمەبەستی بەشداربوون لەو خولەی هەڵبژاردنەکاندا . بەپێچەوانەی خولەکانی ڕابردوو کە هەڵبژاردنەکان لەنێو ڕێوشوێنی توندی ئەمنی و ڕەچاوکرانی یاسای قەدەغەی هاتووچۆدا بەڕێوە دەچوو، ڕێوشوێنی ئاسایشی لەو خولەدا وەک جاران توندو سەخت گیرانە نیە و یاساو ڕێسای توندی قەدەغەی هاتووچۆ لەنێوان شارەکانیشدا نامێنێ.