جەختی عەبدولەتیف ڕەشید لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی عێراق لەحاند پرسی فەلەستین
سەرۆک کۆماری عێراق بە پێداگری لەسەر هەڵوێستی بەردەوامی وڵاتەکەی بەرامبەر بە فەلەستین، جەختی لەسەر پێویستی چارەسەریی دادگەرانەی پرسی فەلەستین و بەهرەمەندبوونی گەلی فەلەستین لە مافە ڕەواکانی خۆی کردەوە.
عەبدولەتیف ڕەشید لە لوتکەی نێودەوڵەتی ئاشتی و متمانە لە عیشقئابادی پێتەختی تورکمانستان ڕایگەیاند: جیهان لە دۆخێکی زۆر هەستیاردایە و مەترسیداربوونی قۆناغی ئێستا وا دەخوازێت تا هەموومان هەنگاوی یەکلاکەرەوە و چارەنووسساز و جددی هەڵبگرین بۆ ڕاگرتنی ململانێکان و کۆتاییهێنان بە ئازاری گەلان. سەرۆک کۆماری عێراق بە جەختکردنەوە لەسەر هەڵوێستی بەردەوامی وڵاتەکەی بەرامبەر بە فەلەستین وتی: هیچ ئاشتی و سەقامگیرییەکی ڕاستەقینە لە ناوچەکەدا جێگیر نابێت، مەگەر ئەوەی کە چارەسەرێکی دادگەرانە و هەمەلایەنە بۆ پرسی فەلەستین لە ڕێگەی جێبەجێکردنی بڕیارنامە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان و پێدانی مافە ڕەواکانی گەلی فەلەستین بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی فەلەستین، بەدەست بهێنرێت.